دەستبەسەر کرانی لانیکەم شەش هاووڵاتیی کورد لە پیرانشار

هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار شەوانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی پێنج هاووڵاتیی خەڵکی گوندەکانی گەرگوولی خواروو و

٢٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١٣:٠٤

 

هەنگاو: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار شەوانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی پێنج هاووڵاتیی خەڵکی گوندەکانی گەرگوولی خواروو و شیناوێ و لانیکەم شەش کەسیان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار سەر بە پارێزگای ئورمیە هەڵیان کوتاوەتە سەر گوندی گەرگوولی خواروو و چوار کەسیان بە ناوەکانی شۆڕش عەبدوڵڵانژاد ٣٣ ساڵە، نەجمە سوخەنوەر ٣٠ ساڵە، سەلاح ئاجی ٥٠ ساڵه و کوڕەکەی بە ناوی ڕەحمان ئاجی ٢٢ ساڵەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.

هاوکات ئەو هێزانە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی شیناوێ و دوو کەسیان بە ناوەکانی عەلی جوڵا و ئیسماعیل حاجی عەبدوڵڵا دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو شەش هاووڵاتییە کورده بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراون و ڕەحمان ئاجی ڕۆژی دووشەممە ئازاد کراوە.

ئەو سەرچاویە وتیشی کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەو شەش کەسەیان لە ەودا دەستبەسەر کردووە و تەنانەت ئیززنیان نەداوە کە جلی خەوەکەیان بگۆڕن و هەر بەو جلانەوە بردوویانن.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە شوێنی ڕاگیرانی ئەو پێنج هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوە نەزانراوە و هەوڵەکانی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگادار بوو لە چارەنووسیان بێ ئاکام ماوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە