دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی دیواندەرەیی و ئازادی دوو بەندکراو لە سنە و ئورمیە

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی دیواندرە دەستبەسەر کراوە و هاوکات بەندکراوێکی سیاسی لە بەندیخانەی ئورمیە دوای تەواو بوونی ماوەی حوکمەکەی

٣ خاکەلێوە ٢٧١٩، ١٤:٥٢

 

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی دیواندرە دەستبەسەر کراوە و هاوکات بەندکراوێکی سیاسی لە بەندیخانەی ئورمیە دوای تەواو بوونی ماوەی حوکمەکەی ئازاد کراوە و هاووڵاتییەکی دەستبەسەر کراویش لە شاری سنە بە بارمتە ئازاد کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە (٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ / ١٩ی مارسی ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دیواندرە هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوی ”محەمەد حەنیفی“ دەست بە سەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە دوای بەڕێوە چوونی ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووری لە دیواندەرە و تێکهەڵچوونی لاوانی ئەو شارە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

لەلایەکی دیکەوە، کامران جەعفەری، بەندکراوی سیاسی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیرابوو، دوای تەواو بوونی ماوەی حوکمەکەی ئازاد کرا.

بە پێێ ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کامران جەعفەری بەهاری ٢٧١٥ (٢٠١٥) دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبە کوردستانییەکان حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سپێندرابوو. ناوبراو لە بەهاری ٢٧١٦ی کوردی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئورمیە کرابوو.

هەروەها، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا عەلی ئەڵڵاوەیسی کە  کاتژمیر ١٠ی شەوی (٦ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ / ٢٥ی فیوریەی ٢٠١٩)، لەلایەن هێزەکانی ستادی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە