دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییەکی کوردی خوراسانی و گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی مەشهەد

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خوراسانی کە مانگی ڕابردوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوو،

٨ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٠٠:٤٣

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خوراسانی کە مانگی ڕابردوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکرابوو، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەشهەد گوازرایەوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی پووشپەڕ ٢٧٢١ (٢٤ی ژوئەنی ٢٠٢١)، مەحموود نیروومەند چالاکێکی فەرهەنگی کوردی خوراسانی دوای یەک مانگ دەستبەسەرکرانی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەشهەد بۆ بەندیخانەی وەکیل ئابادی ئەو شارە گوازرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەحموود نیروومەند خەڵکی گوندی پلگەرد، سەر بە ناوچەی هەزار مەسجدی شاری کەلاتی نادری لە پارێزگای خۆراسانی رەزەوییە کە لە بواری زمان و فەرهەنگی و هونەری کوردی چالاکی دەکات و دانیشتووی مەشهەد و سەرقاڵی کرێکاری بووە.

مەحموود نیروومەند تەمەن ٣٦ ساڵ ڕۆژی سێشەممە ٤ی جۆزەردان ٢٧٢١ (٢٥ی مەی ٢٠٢١)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات مەشهەد دەستبەسەر و لە ماوەی یەک مانگ دەستبەسەرکرانیدا لە مافی دیتنی بنەماڵەکەی و هەروەها مافی هەبوونت پارێزەر بێ بەش بووە.

ئەم چالاکە کوردە لەلایەن لقی ٩٠٣ی دادگای شۆرشی مەشهەد بە سەرۆکایەتی عەلی سلێمانی تۆمەتی چالاکی تەبلیغی دژی نیزام و پەیوەندی لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی دژبەری حکوومەتی خراوەتە پاڵ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە