دەستبەسەر کرانی چەندین هاووڵاتی لە سەقز

هەنگاو: چەندین هاووڵاتی لە گوندە دەورووبەری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

٢١ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ١١:٠٣

 

هەنگاو: چەندین هاووڵاتی لە گوندە دەورووبەری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرانەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١١ی نۆڤەمبری ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکان لە بازگەی بۆکان بۆ سەقز عەبدوڵڵا مەهجوور تەمەن ٥٥ ساڵ و بەندکراوی سیاسی پێشوویان دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەر کردنی عەبدوڵڵا مەهجوور هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو لە گوندی مەلقەرەنی و ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر مۆبایل و کتێبەکانیدا گرتووە.

جێگای ئاماژەیە کە عەبدوڵڵا مەهجوور ساڵی ١٣٧٠ی هەتاو بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستبەسەر و سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو کە دوای تێپەڕاندنی سزاکەی لە بەندیخانەی ئەفلاکی خوڕەمئاوا ئازاد کرابوو.

هێزە ئەمنییەکان هاوکات ئامۆزایەکی عەبدوڵڵا مەهجووریان بە ناوی محەمەد مەهجوور تەمەن ٣٦ ساڵ دەستبەسەر کردووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەم دوو هاووڵاتییە و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵیان نەزانراوە.

شەوی ڕابردوو هیزە ئەمنییەکانی گوندی ملقەڕنی و چەند گوندی دیکەیان گەمارۆ دابوو باس لە دەستبەسەر کرانی جەندین کەسی دیکەش دەکرێت کە زانیاری لەوبارەوە دواتر لەلایەن هەنگاوەوە بڵاو دەکرێتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە