دەستبەسەر کرانی کچێکی کورد بە تۆمەتی پۆشینی جلی کوردی نەخشێندراو بە ئاڵای کوردستان
١٨ خاکەلێوە ٢٧١٧، ٢٢:٢٥
هەنگاو: کچێکی لاوی کورد لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا دەستبەسەر و پاش ئازاد کران چەندین جار بانگهێشت و هەڕەشەی لێکراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی (هەنگاو)، حەوتوویەک پاش نەورۆز، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکومەتی ئێران کچێکی لاویان لەگەڵ باوکی بانگهێشت و دەستبەسەر کردووە.
هەواڵنێری (هەنگاو) لە سەوڵاوا ناسنامەی ئەو کچە کوردەی (چنار حوسێنی) کچی تەها ڕاگەیاندووە.
چنار حوسێنی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بانگهێشت و هاوڕێ لەگەڵ باوکی دەستبەسەر و پاش یەک ڕۆژ ئازاد کراون.
ناوبراو دوای ئازادی جەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکراوە و هاوکات هەڕەشەشی لێکراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە، چنار بە هۆی پۆشینی جلی کوردی نەخشێندراو بە ئاڵای کوردستان لە ڕوێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە.
چنار دانیشتووی ئیسفەهان و خەڵکی گوندی بۆڕیەری سەوڵاوایە کە بۆ جاری جوارەم بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراوە.