دەستبەسەرکران و بانگکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد لە نەغەدە

هەنگاو: دوا بە دوای ناڕەزایەتییەکانی نەغەدە پاش کوژرانی هاووڵاتییەک لەو شارەدا، هاووڵاتییەکی دیکە بە تەقەی راستەوخۆی چەکدارانی ئێران ک

١٨ گەلاوێژ ٢٧٢١، ٢٣:٢٣

 

هەنگاو: دوا بە دوای ناڕەزایەتییەکانی نەغەدە پاش کوژرانی هاووڵاتییەک لەو شارەدا، هاووڵاتییەکی دیکە  بە تەقەی راستەوخۆی چەکدارانی ئێران کوژرا و هەروەها زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتی بریندار بوون.

بەگوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی یەکشەمە ١٧ی گەلاوێژ ٢٧٢١ ( ٨ی ئاگوستی ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری نەغەدە لانیکەم ٣ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی ناڕوون فوازراونەتەوە. تا ئێستا شووناسی دوو کەسیان بە ناوەکانی "یوونس قادری" و " هادی پەڕگوڵ" بۆ هەنگاو روون بۆتەوە. هەروەها زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بانگ کراون و لێپێچینەوەیان بەرانبەر کراوە.

بە پێی بەدواداچوونەکانی هەنگاو، رۆژی شەمە هاووڵاتییەکی ٣٥ ساڵە بە ناوی " فەردین ئیبراهیمی" خەڵکی شنۆ، کە بە مەبەستی چاککردنی ئوتومبیلەکەی چووبووە نەغەدە، پاش بینینی تێکهەڵچوونێک دەڕواتە نێوبژیوانی و لە لایەن تورکێکی ئەو شارەوە بە قەمە و بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا و ئەوەش بووە هۆی ناڕەزایەتیی توندی کوردەکان و کۆبوونەوەیان لە بەرانبەر کەڵانتەری نەغەدە.

شایەتحاڵێک کە بۆ خۆی لەو ناڕەزایەتییانەدا بەشدار بووە بە هەنگاوی راگەیاند: زۆربەی پۆستە ئیداری و ئەمنییەتییەکانی نەغەدە لە دەستی تورکەکاندایە و ئەو دەستڕۆیشتوویەش بۆتە هۆی ئەوەیکە لە چەند مانگی رابردوودا لە چەندین کەیسی هاوشێوەدا مافی کوردەکان پێشێل بکرێ و لەبەر ئەوەش کوردەکان ئەمجارە دژی ئەوە ناڕەزایەتییان دەبڕی.

شایانی باسە هێزە ئەمنییەتییەکان ناڕەزایەتیی مەدەنیانەی هاووڵاتییانی کوردیان لە نەغەدە بە توندوتیژی وڵام دایەوە و تەقەیان لە خەڵک کرد کە بەو هۆیەوە هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی " محەمەد عەلیزادە" کوژرا و زیاتر لە ٤٠ هاووڵاتییش بریندار بوون.

یەکێک لە بریندارەکان کە بە هۆکاری ئەمنییەتی نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ لەم بارەوە بە هەنگاوی راگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێکردین و من و ئەو کەسانەی دیکە کە بریندار بووین لە ترسی ئەوەیکە دەستبەسەر نەکرێین، خۆمان لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرین و نەمانتوانیوە بچینە بنکەکانی تەندروستی.

بە پێی ئەو گرتە ویدیۆیانەی بە هەنگاو گەیشتووە ژمارەیەک لە تورکەکانی نەغەدە پاش ناڕەزایەتیی کوردەکان، بە پشتیوانیی هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ئەو گەڕەکانەی کە دانیشتووانی کوردن و دەستیان کرد بە رووخاندنی دووکان و شکاندنی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکانیان. لەو گرتە ویدیۆیانەدا دەبینرێت کە هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکان نەتەنیا پێشگیری لە رووخاندن و هێرش بۆ ئەو گەڕەکانە ناکەن بەڵکوو خۆشیان بە ئەنقەست خەریکی رووخاندنی ماڵی کوردەکانن.

 

کاوە حەسەنپوور، ئەندامی بەڕێوەبەریی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە خۆیشی خەڵکی نەغەدەیە لەم بارەوە وتی: بێگومان بشێوی لە نەغەدە بە پلانی بەرنامە بۆ دارێژراوی لایەنی بناژۆخوازی حکوومەتی و هێزە ئەمنییەتییەکانە. عەلی زەنجانی، نوێنەری نەغەدە، کە بەڕێوەبەریی ئەو رەوتە لە ئەستۆی ئەوە، بەرپرسی هەموو ئەو نائارامی و ئاڵۆزییەیە. بوونی هێزی بە جلوبەرگی شەخسی کە لە لایەن هێزە تایبەتییەکانەوە پاڵپشتی دەکران و هێرشیان دەکردە سەر ماڵ و گیانی خەڵکی، بەڵگەی سەلمێنەری ئەو راستییەیە.

شایانی باسە کە رۆژی دووشەمە و پاش سێ رۆژ لە ناڕەزایەتییەکان، کەشوهەوای شاری نەغەدە بە تەواوی ئەمنییەتییە و هێزە تایبەتییەکان لە شارەکانی میاندواو و ئورومیەوە نێردراون بۆ نەغەدە و هێزە لیباس شەخسییەکان لە زۆربەی شوێنە گشتییەکاندا بە شێوەی بەرچاو بوونیان هەیە. سەرەڕای ئەوەیکە ژمارەیەک لە دووکاندارانی کورد دووکانەکانیان کردۆتەوە بەڵام بەشێکی بەرچاو لە دووکانەکان داخراون.

نەغەدە شارێکە کە ساڵانێکی زۆرە دوو نەتەوەی کورد و تورک بە ئاشتی و ئارامی تێیدا ژیاون بەڵام پاش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتدارانی ئێران بە کەڵکی نابەجێ لە جیاوازیی مەزهەبی و ئەتنیکی بەردەوام هەوڵی سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی کورد و پێشێلکرانی مافی بەرابەری هاووڵاتیبوونی لەو شارەدا داوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی کردەوەی توندوتیژانەی ئەم دواییانە، داوای ئارامی و رێزی زیاتر لە هەمبەر یەکتر لە هەردوولا ئەکات و خوازیاری مافی بەرابەری هاووڵاتیبوون بە پێی ستانداردە جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچە چەند ئەتنیکی و مەزهەبییەکان و یەکسانی لە ئیدارەی کاروباری شارەکەدایە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە