دەستبەسەرکران و ئەشکەنجەی کوڕی تەمەن ١٥ ساڵی فاتمە داوەند بەندکراوی سیاسی پێشوو

هەنگاو: کوڕێکی تەمەن ١٥ ساڵی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارە دەستبەسەر و بە سەختی ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

٢١ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٠٧:٣٧

 

هەنگاو: کوڕێکی تەمەن ١٥ ساڵی خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم شارە دەستبەسەر و بە سەختی ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (١١ی مارسی ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان، ئاریا یووسفی مێرمنداڵی تەمەن ١٥ ساڵ و کوڕی فاتمە داوەند بەندکراوی سیاسی پێشوویان دەستبەسەر کردووە.

هەنگاو زانیویەتی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەم مێرمنداڵە تەمەن ١٥ساڵەیان لە یەکێک لە شوێنە گشتییەکانی بۆکان دەستبەسەر و دواتر داویانەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە و ئازار و دەستیان بە سەر مۆبایلەکەشیدا گرتووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی یووسفی بە هەنگاوی ڕاگەیاند: ڕۆژی شەممە ئاریا یووسفی نێردراوەتە لقی یەکی بازپۆرسی دادگای شۆڕشی بۆکان و بە پڕوپاگەندە دژی نیزام تۆمەتبار کراوە.

ئەم سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، ئاریا یووسفی، بە توندی دراوەتە بەر لێدان و دەموچاوی ڕەش بووە و دوای ئەوەی تۆمەتەکەی پێ ڕاگەیەنراوە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.

شایانی باسە ئاریا یووسفی کوڕی فاتمە داوەند، لە دەستبەسەرکراوانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧١٩ و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بۆکانە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە