دەستبەسەرکرانی حەوت هاووڵاتی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی شاری سنەوە

هەنگاو: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنی لە شاری سنە لانیکەم حەوت هاووڵاتی دیکە لەو شارە دەستبەسەر کران.

٢٨ بانەمەڕ ٢٧٢١، ٠١:١٩

 

هەنگاو: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنی لە شاری سنە لانیکەم حەوت هاووڵاتی دیکە لەو شارە دەستبەسەر کران.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی بانەمەڕ (١٨ی مەی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لانیکەم پێنج هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان بە ناوەکانی "کەیوان ئەلیاسی، ڕەزا ڕەزایی، موحسین حوسەین پەناهی، مورتەزا محەممەدی و قانع خاتری" دەستبەسەر کردووە.

ئەو پێج کەسە ڕۆژی ڕابردوو لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بە تەلەفوون ئاگادار کرابوونەوە کە دەبێ ڕۆژی سێشەممە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات بکەن و هەر لەوێش دەستبەسەر کراون.

لەلایەکی دیکەوە و لەم پەیوەندیەدا، ڕۆژی ڕابردوو هاووڵاتیەک بە ناوی شەمسەدین لوتفوڵڵاپوور و هاوژینەکەی بە ناوی “گەشین” لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

شەمسەدین ساڵی ساڵی ٢٧٠٨ (٢٠٠٨) بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری حکومەتی ئێران حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

تا کاتی نووسینەوەی ئەم ڕاپۆرتە هۆکار یا هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی ئەم چالاکە مەدەنیانە دیار نیە و هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتنیان بۆ بنەماڵەکانیان ڕوون نەبووتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە