دەستبەسەرکرانی دوو مێرمنداڵ لە شاری شنۆ

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکان لە شاری شنۆ دوو مێرمنداڵیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

١٢ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ١٠:١٥

 

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکان لە شاری شنۆ دوو مێرمنداڵیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٨ ساڵیان بە ناوەکانی سینا مینایی و عەبدوڵڵا یوسفی کە هەردوویان خەڵکی گوندی “سەوجە” بوون دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەکەی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی ئەو دوو کەسەیان دەستبەسەر کردووە.

 تاکاتی نوسینەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە سەر هۆکار و هەروەها ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ سینا مینایی و عەبدووڵا یوسفی هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نیە و چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم دوو کەسە نادیارە.

شایانی باسە سینا مینایی ساڵی ڕابردووش بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەستبەر ودواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە