دەستبەسەرکرانی زیاتر لە ٢٠ مامۆستا و چالاکی پیشەیی لە شارەکانی سەقز، دیواندەرە و سنە

لە بەرەبەری گردبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان لە شارە جیاجیاکانی ئێران و کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، زیاتر لە ٢٠ مامۆستا و چالاکی پیشەی

٢٤ جۆزەردان ٢٧٢٢، ٢٣:٠٨


هەنگاو: چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢

لە بەرەبەری گردبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان لە شارە جیاجیاکانی ئێران و کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، زیاتر لە ٢٠ مامۆستا و چالاکی پیشەیی لە شارەکانی سنە، دیواندەرە و سەقز دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراون.

هەنگاو زانیویەتی کە ١٨ مامۆستا و ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لقی سەقز- زێویە دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز دەستبەسەر کراون و تا ئێستا ناسنامەی ١٥ کەسیان بە ناوەکانی خالید عەبدوڵڵایی، سلێمان عەبدی، عەزیز مەرزی، محەممەد فەتاحی، لوقمان ئەڵڵامورادی، ئەحمەد قادری، کەیوان محەممەدی ، خالید شێخی، ئەنوەر فەرەج زاده، سەید سەلاح حوسێنی، تاهیر حامیدی، زاهید مورادی ، خاتوو ئاوات ڕەزەوی و تاهیر قادرزاده بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە و ناسنامەی یەک کەسی دیکەیان هەتا ئێستا ئاشکرا نەبووە.

شایانی باسە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەم ١٨ مامۆستایەی خەڵکی سەقز لەبەردەستدا نییە.

هاوکات پێنج ئەندامی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایانی دیواندەرە بە ناوەکانی ئومێد شا محەممەدی، عوسمان ڕەزایی، هیوا قوڕەیشی، پەرویز ئەحسەنی و کاوە محەممەدزادە پاش بانگکران بۆ ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کران.

لە لایەکی دیکەوە، مریەم ئەحمەدی، ڕەزا ئەلیاسی، بەها مەلەکی، جەبار پاکزاد و فاتح ئەسەدی، مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی لە شاری سنە، کاتژمێر ٥: ٣٠ خولەکی ئێوارە لەلایەن ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەر کران.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەو پێنج مامۆستایە دوای چوار کاتژمێر لێپرسینەوە و واژۆ کردنی بەڵێننامەیەکی نووسراو بۆ بەشداری نەکردن لە گردبوونەوەی ناڕەزایی ڕۆژی پێنجشەممە ئازاد کراون.

هێزە ئەمنییەکان ئەو پێنج کەسەیان ناچار کردووە کە بەڵێنامەیەک واژۆ بکەن کە تێیدا هاتووە لە ئەگەری بەشداری لە گردبوونەوەیەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان کە قەرارە سبەی پێنجشەممە بەڕێوە دەچێت، دەستبەسەر دەکرێن.

شایانی باسە مریەم ئەحمەدی و ڕەزا ئەلیاسی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایان لقی سنە- کەڵاتەرزانن.

 


ئەم هەواڵە نوێ دەکرێتەوە ….
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە