دەستبەسەرکرانی سێ خوێندکاری زانکۆی ڕازی کرماشان

لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی خوێندکارانی زانکۆی ڕازی کرماشان لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی و هەروەها پشتیوانی مانگرتنی سەرانسەری ئێران، لانی کەم سێ خوێندکا

١٢ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ٢٣:٤٣


هەنگاو: سێ شەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٢

لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی خوێندکارانی زانکۆی ڕازی کرماشان لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی و هەروەها پشتیوانی مانگرتنی سەرانسەری ئێران، لانی کەم سێ خوێندکاری کورد بە ناوەکانی شەکیبا هۆشیار، عەلی ڕووزی و مەتین چراغی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەلی ڕووزی، خوێندکاری زانکۆی ڕازی کرماشان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەر لە کاتی خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی ئەم زانکۆیە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.

هەروەها، شەکیبا هۆشیار خەڵکی کرماشان و خوێندکاری بەشی ئەندازیاری میکانیکی زانکۆی ڕازی، لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی یەک شەممە ١٠ی ڕەزبەر دەستبەسەرکراوە.

هەنگاو پێشتر بڵاوی کردبووەوە، کە مەتین چراغی خوێندکاری کارناسی کارەبای زانکۆی ڕازی کرماشان ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئەم خوێندکارانە، سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان، هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم خوێندکارە کوردانە لەبەردەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە