دەستبەسەرکرانی شەش هاووڵاتی لە شاری شنۆ
هەنگاو: لانیکەم شەش هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
هەنگاو: لانیکەم شەش هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٢ی ئاگۆستی ٢٠٢١) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ لانیکەم شەش هاووڵاتییان بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی دەستبەسەر کردووە.
هەواڵنێری هەنگاو لە شاری شنۆ ناسنامەی ئەو شەش هاووڵاتییە کوردەی ڕەحمان ئەسەدی، عوبەید ئەنوەری و فەرهاد مەعرووفی خەڵکی گوندی ئاڵیاوێ، حەسەن شادیخا خەڵکی گوندی سینگان، جەلال قادریزادە خەڵکی نەڵۆس و ڕێبوار چارەکداری خەڵکی شاری شنۆ ڕاگەیاندووە.
لە نێوان ئەم کەسانەدا حەسەن شادیخا هەمان ڕۆژی دەستبەسەرکران ئازاد کراوە و لە چارەنووسی پێنج هاووڵاتی دیکە هیچ زانیاریەک لەبەردەستدا نیە.
تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەم کەسانە نەزانراوە.