دەستبەسەرکرانی شەش هاووڵاتی لە گوندی نێ سەر بە شاری مەریوان

هەنگاو: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی سەقز، بانە و مەریوان، ه

٢٢ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ١٣:٥٣

 

هەنگاو: لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی سەقز، بانە و مەریوان، هاووڵاتییەکی دیکە لە مەریوان دەستبەسەر کرا.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٢ی خەزەڵوەەری ٢٧٢١ (١٣ی نۆڤەمبەر ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان هاووڵاتییەکیان بە ناوی “عەبدوڕەحمان ئەشتەک” خەڵکی گوندی نێ دەستبەسەر کردووە.

شەوی ڕابردوو ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ (١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢١)لانیکەم پێنج کەسی دیکە بە ناوەکانی محەمەد ئەحمەدی، فەرید درەخشانی، کەیوان مینوویی، ئیدریس بەهرامیان و عەبدوڕەحمان ئەفشار” هەر لەگوندی نێ و لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کرابوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندی نێ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات خانووی ئەم کەسانەیان پشکنیوە و لە کاتی دەستبەسەرکران ئەشکەنجە و ئازار دراون و بێ رێزی بە بنەماڵەکانیان کراوە.

تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە هۆکارەکانی دەستبەسەرکرانی ئەم شەش هاووڵاتییە و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان نەزانراوە. ئەم کەسانە دوای دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گوازراونەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ئیوارەی ڕۆژی پێنج شەممەوە هەتا ئەمڕۆ لانیکەم ٢٨ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سەقز، بانە و مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە