دەستبەسەرکرانی پێنج هاووڵاتی لە شاری مەلکشایی ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بانەمەری ٢٧٢٢ هێزە ئەمنییەکان لە شاری مەلکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام شەپۆلێکی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانیان دەست پێ کردو

٢٩ بانەمەڕ ٢٧٢٢، ٢١:٣٠

 

هەنگاو: پێنجشەممە ٢٩ی بانەمەری ٢٧٢٢

سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بانەمەری ٢٧٢٢ هێزە ئەمنییەکان لە شاری مەلکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام شەپۆلێکی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانیان دەست پێ کردووە کە تا ئێستا ناوی پێنج هاووڵاتی بە ناوەکانی حەسەن غوڵامی ٣٠ ساڵ، ڕوحوڵڵا ئەرغەندە ٢٧ ساڵ، یەحیا ساڵحی ٣٢ ساڵ، مەسعوود مامی و موحسین باوەلەکی بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییانە لە ماڵی خۆیان دەستبەسەر کراون و لە کاتی دەستبەسەرکران دراونەتە بەر لێدان و ئەشکەنجە. سەرچاوەکانی هەنگاو باس لەوە دەکەن ژمارەی دەستبەسەرکراوان لەم پێنج کەسە زیاترە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییانە لە ماڵی خۆیان دراونەتە بەر لێدان و هەنگاو زانیویەتی ڕوحۆڵڵا ئەرغەندە بە جۆریک لێی دراوە کە دوو دانە لە پەراسووەکانی شکاون و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، بەم حاڵەشەوە کاتژمێر دووی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

شەوی چوارشەممە گرووپێکی نەناسراو و چەکدار تەقەیان لە کەڵانتەری مەلکشایی کردووە و لە نێوان ئەو گرووپە نەناسراوە و هێزە چەکدارەکان پێکدادان هاتووەتە ئاراوە. کاتژمێر ٢ی سەر لە بەیانیش بانکی سادراتی مەلکشایی ئاگری تێبەردراوە و کاتژمێر ٣ جارێکی دیکە پێکدادانێکی چەکدارانە لە نێوان ئەو گرووپە و هێزە چەکدارەکانی ئێران هاتووەتە ئاراوە.


لەم پەیوەندییەدا دلاوەر ئەلقاسی مێهر، فەرماندەی ئینتزامی ئیلام ئەمڕۆ بە میدیاکانی حکومەتی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە پێنج کەس لە پەیوەندی لەگەڵ تێک هەڵچوونەکانی شەوی ڕابردوو دەستبەسەر کراون.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە حەوت کەس لە هێزە ئەمنییەکان لە ئاکامی ئەم تێک هەڵچوونانە دا بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.


چارەنووسی دەستبەسەرکراوان و شوێنی ڕاگرتنیان ڕوون نییە و لەگەڵ ئەوەی لە کاتی دەستبەسەرکرانیان ئەشکەنجە کراون، هەنگاو لە بارودۆخی جەستەییان نیگەرانە و داواکاری گشتی ئیلام و هێزە ئەمنییەکان بەرپرسی سەرەکی پاراستنی گیانی ئەم کەسانە دەزانێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە