دەستبەسەرکرانی کچێکی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی سەقز لەلایەن ناوەندە ئەمنیتیەکانەوە

هەنگاو: کچێکی لاوی خەڵکی سەقز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ یەکێک

١٤ پووشپەڕ ٢٧٢١، ١٢:٠٨

 

هەنگاو: کچێکی لاوی خەڵکی سەقز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنیەتییەکانی شاری سنە گوازراوەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی هەینی ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (١٨ی ژوئەنی ٢٠٢١)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتیەک لە شەقامی سەعدی و کچێکی تەمەن ١٦ ساڵیان بە ناوی "ژینا حەسەنی موقەدەم" دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی حەسەنی موقەدەم، ژینا دوای ئەوەی دەستبەسەر کراوە ڕاستەوخۆ گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شاری سنە و ڕۆژی شەممە ١٢ی پووشپەر دوای ١٦ ڕۆژ توانیویەتی لە رێگەی پەیوەندیەکی تەلەفۆنی شوێنی ڕاگیرانی خۆی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە.

ئەم سەرچاوە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە هەنگاوی ڕاگەیاند، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بە شێوەی دڕندانە ژینا حەسەنی موقەدەم_یان دەستبەسەر کردووە، ناوبراو لە ماوەی ١٦ ڕۆژ هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.

ژینا حەسەنی موقەدەم پێشتر بۆ ماوەی کەمتر لە دوو مانگ ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بووە و ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردان (١٦ی ژوئەن) بنەماڵەکەی دوای وەرگرتنی ئەماننامە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز هەماهەنگی لەگەڵ کونسولگەری ئێران لە شاری سلێمانی کچەکەیان گەراندووەتەوە بۆ سەقز.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە