دەستبەسەرکردنی کورت ماوەی ئارەزوو لەتیفی و ئازار و ئەزیەتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

هەنگاو: ئارەزوو لەتیفی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە بە هۆی ئازار و ئەزیەتی لەلایەن هێزەکانی

٣٠ ڕێبەندان ٢٧٢١، ٠٤:٠٠

 

هەنگاو: ئارەزوو لەتیفی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە بە هۆی ئازار و ئەزیەتی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات لە هۆش خۆی چووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە.
 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (١٩ی فێبریوەری ٢٠٢١)، ئارەزوو لەتیفی خوشکی تەمەن ٤٣ ساڵی کەیوومەرس لەتیفی، چالاکی مەدەنی دەستبەسەرکراوی خەڵکی سنە، دوای مانگرتن لە پێش ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بەمەبەستی ڕوونبوونەوەی چارەنووسی براکەی، لەلایەن ئەو ناوەندە ئەمنییەوە بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
 

فەرید لەتیفی برازای ئارەزوو لە بارەوە بە هەنگاوی وت: «هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر لێپرسینەوەیان لە پوورم کردووە و ئەزیەت و ئازاریان داوە و تەنانەت یەکێکیان زلەیەکی لە پوورم داوە و هەر بۆیەش پوورم لە هۆش چووە و بە ئامبۆڵانس بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە گواستوویانەتەوە.»
 

هەنگاو زانیویەتی کە لە ئیدارەی ئیتلاعات ئارەزوو لەتیفی بە تۆمەتی ئەوەی کە هەواڵی دەستبەسەرکرانی براکەی میدیایی کردووەتەوە و هەروەها ڤیدیۆی تێکدانی ماڵەکەی لەلایەن ئەو هێزانەوە بڵاو کردووەتەوە، لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
 

ئارەزوو لەتیفی کە دایکی منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵانە، شەوی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانیش دوابەدوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە هۆشی خۆی چووبوو و ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو.
 

کەیوومەرس لەتیفی چالاکانی مەدەنی ناسراوی خەڵکی سنە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (١٥ی فێبریوەری ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر کرا.
 

هەنگاو وێڕای ئەوەی بە نیسبەت ئەم پرسەوە نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت، داواکاری گشتی و بەرپرسی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای سنە لەهەمبەر تەندروستی ئارەزوو لەتیفی بە بەرپرسیار دەزانێت.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە