زارا محەمەدی لە بەندی قەرەنتینە بۆ بەندی گشتی بەندیخانە گوازرایەوە

هەنگاو: زارا محەمەدی چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی دوای دوو حەوتوو ڕاگیران لە بەندی قەرەنتینە بۆ بەندی گشتی بەندیخانەی ژنانی شاری سنە گوازرایەوە.

٤ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٢:٣١

 

هەنگاو: زارا محەمەدی چالاکی مەدەنی و مامۆستای زمانی کوردی دوای دوو حەوتوو ڕاگیران لە بەندی قەرەنتینە بۆ بەندی گشتی بەندیخانەی ژنانی شاری سنە گوازرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٢)، زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین دوای دوو حەوتوو ڕاگیران لە بەندی قورەنتینە بۆ بەندی گشتی ناوەندی چاکسازی و بارهێنان ناسراو بە بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە گوازراوەتەوە.

ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی نیمەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٨ی ژانویەی ٢٠٢٢) بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی بانگی ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکانی سنە کرا و لەوێ دەستبەسەر کرابوو.

زارا محەمەدی تەمەن ٣٠ ساڵ و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی جۆزەردان ٢٧١٩ دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان هاوکات لەگەڵ دوو کەسی دیکەی ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین دەستبەسەر و دوای ٧ مانگ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا ڕاگەیاندنی ئاکامی کۆتایی دۆسیەکەی ئازاد کرا.

ئەم مامۆستایەی زمانی کوردی لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەری سەعیدی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ و دەستەدژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. دەرچوونی سزای ١٠ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ لە کاتێکدایە کە زارا محەمەدی تەنیا ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین بووە و دادگا ئەو ئەنجومەنەی لە هەموو تۆمەتەکان بێ بەری کردبوو..

ئەم سزایە ڕەزبەری هەمان ساڵ (ئۆکتۆبری ٢٠٢٠) لەلایەن لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر “مستەفا تەیاری” بۆ ٥ سال بەندکران کەم کرایەوە.

جێگای باسە کە دادگای باڵای ئێران داواکاری پارێزەرەکانی زارا محەمەدی بە مەبەستی پێداچوونەوە بە دۆسیەکەی پەسەند نەکردبوو و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا حوسینی بەرپرسی گشتیی دەزگای دادی پارێزگای سنە ڕیگری کردبوو لە جێبەجێکرانی ماددەی ٤٧٧ لە دۆسیەی ناوبراودا.

زارا محەمەدی  ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بووە و دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە