زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

هەنگاو: زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی لەلایەن دەزگایی دادوەری حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

٢٤ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١١:٣٢


هەنگاو: زارا محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی لەلایەن دەزگایی دادوەری حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.


بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زارا محەمەدی مامۆستای زمانی کوردی و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، ٧ مانگ دوایی ئازاد بوونی بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو حوکمە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆرشی سنەوە بە بەرپرسیارەتی دادوەر سەعیدی و بە تۆمەتی سازکردنی گروپ دژ نە ئاسایشی وڵات، بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە.
ئەو سەرچاوە لە درێژەدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی پووشپەر ئەو حوکمە بە پارێزەری زارا بە ناوی دوکتور عەبدوڵڵاهی ڕاگەیەندراوە، ١٠ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی سازکردنی گروپ لە حاڵێکدا بە سەر زارا سەپێدراوە کە ئەو تەنها بەپرسی ئەنجومەنی نۆژینە و ئەو ئەنجومەنە لەو تاوانانە بێبەری کراوە.


زارا محەمەدی ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩ (٢٣ی مەی ٢٠١٩)، دوای هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری سنە دەستبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

 زارا تەمەن ٢٨ ساڵ و لەدایکبوونی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆپۆلۆتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.


ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین بووە و دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.


ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە