زارا محەمەدی پاش مانگێک هێشتا دەستبەسەرە

هەنگاو: زارا محەممەدی چالاکی مەدنی و بەرپرسی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین لە سنە، دوای یەک مانگ لە دەستبەسەر کران، هێشتا دەستبەسەرە.

١ پووشپەڕ ٢٧١٩، ٢٢:٥٨

 

هەنگاو: زارا محەممەدی چالاکی مەدنی و بەرپرسی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی نۆژین لە سنە، دوای یەک مانگ لە دەستبەسەر کران، هێشتا دەستبەسەرە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ریکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای تێپەڕبوونی ٣٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی زارا محەمەدی، چالاکی مەدەنی شاری سنە، هەنووکە بە شێوەی نایاسایی و بە بێ روون کردنەوەی ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی دەستبەسەرە.

زارا محەمەدی، ڕۆژی پێنج شەممە (٢ی جۆزەردان/ ٢٣ی مەی) دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا. هاوکات دوو ئەندامی دیکەی ڕێکخراوی نۆژین بە ناوەکانی ڕێبوار منبەری و ئیدریس منبەری دەستبەسەر کرابوون کە دوای چوار ڕۆژ ئازاد کران، بەڵام زارا پاش مانگێک هێشتا دەستبەسەرە و ئازاد نەکراوە.

زارا محەمەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و لەدایکبوونی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنەیە و بڕوانامەی کارناسی باڵای ژئۆپۆلۆتیکی لە زانکۆی بیرجەند وەرگرتووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی ١٠ ساڵە کە لە گوندەکانی دەورووبەری سنە و ناو شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە و ٦ ساڵ پێش یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی وەژین بووە و دواتر بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەو ڕێکخراوە وەکوو سەرۆکی ڕێکخراو هەڵبژێردراوە.

ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە