زەمانە زێویە بۆ بەندی گشتیی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە گوازرایەوە

هەنگاو: زەمانە زێویە چالاکی مەدەنی دەستبەسەرکراوی خەڵکی سەقز دوای یەک مانگ لە دەستبەسەرکران بۆ بەندی گشتیی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە گوازرایەوە.

٨ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٢١:٠٣

 

هەنگاو: زەمانە زێویە چالاکی مەدەنی دەستبەسەرکراوی خەڵکی سەقز دوای یەک مانگ لە دەستبەسەرکران بۆ بەندی گشتیی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە گوازرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (٢٩ی فێوریوەری ٢٠٢٢)، زەمانە زێویە چالاکی مەدەنی خەڵکی سەقز دوای یەک مانگ ڕاگیران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندی گشتیی ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە ناسراو بە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئەو شارە گوازرایەوە.

لە لایەکی دیکەوە، کاوە ڕەشید زادە، شووی زەمانە زێویە پێنجشەممە ٥ی ڕەشەممە دوای دوو حەفتە دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.

زەمانە زێویە تەمەن ٢٩ ساڵ و خاوەن بڕوانامەی بەکالۆریۆسی ماف ناسی پەیامی نووری سەقز ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٢٩ی ژانویەی ٢٠٢٢) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرا.

هەنگاو زانیویەتی کە زەمانە زێویە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە مافی هەبوونی پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

جێگای ئاماژەیە کە زەمانە زێویە دایکی منداڵێکی چوار ساڵانە کە ئێستا لە لای بنەماڵەی شووەکەی دەمێنێتەوە.

زەمانە زێویە پێشتر و ڕۆژی دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ (٦ی نۆڤەمبەری ٢٠١٧) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەقزەوە بە تۆمەتی پشتیوانی کردن لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر و دوای سێ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٨٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو دواجار مانگی سەرماوەزی هەمان ساڵ بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی گشتی» سزای لێدانی ٥٠ قامچی و پێ بژاردنی بڕی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار تمەن غەرامەی بە سەردا سەپا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە