زەینەب جەلالیان بۆ بەندیخانەی کرماشان گوازرایەوە

هەنگاو: زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد دوای سێ مانگ ڕاگیران لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان، بۆ جارێک

٥ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٥:٠٧

 

هەنگاو: زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد دوای سێ مانگ ڕاگیران لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان، بۆ جارێکی دیکە گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (٢٤ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد دوای سێ مانگ ڕاگیران لە بەندی قەرەنتینەی بەندیخانەی ناوەندیی کرمان بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان گوازراوەتەوە.


ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٩ی بانەمەڕ (٢٨ی ئاوریل) لە بەندیخانەی شاری خۆی بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازرایەوە و هەر لەوێش تووشی پەتای کۆرۆنا بوو و دوای دوو مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرمان گوازرایەوە.


زەینەب جەلالیان لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی (١٣٨٢ی زایینی) لە گوندی دەیم قشڵاقی ماکۆ لە ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوییەوە بەبێ مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەکانی حکوومەتی ئێراندایە.


ناوبراو ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە کرماشان دەستبەسەر و مانگی سەرماوەزی ١٣٨٧ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر مورادی بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوورەکانی ئێران حوکمی ساڵێک بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی دژایەتیی خودا ”موحارێبە” لەڕێگای ئەندامەتیی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ”پژاک” حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا.


حوکمی سێدارەی زەینەب جەلالیان ساڵی ٨٨ی هەتاوی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاستکرایەوە و پاشان لە ساڵی ٩٠ و بەهۆی بەرکەوتنی لێبوردنی ”خامنەای”ـەوە بۆ زیندانی هەتایی کەم کرایەوە.


زەینەب جەلالیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە هەتا سەرماوەزی ٩٣ی هەتاوی لە بەندیخانەی دیزڵاوای کرماشاندا ڕاگیرا و تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتیی بۆ ٥ مانگ لە ساڵی ٨٨ی هەتاویدا بۆ بەندی ٢٠٩ی گرتووخانەی ئێڤین لە تاران ڕاگوێزرابوو.


ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە کە لە نێوان بەندکراوانی سیاسیی ژن لە ئێراندا قورسترین حوکمی بەسەردا سەپاوە، ساڵی ٩٣ی هەتاوی پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری بنەماڵەکەی و بەدواداچوونی ئەوان و قبووڵکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن دادستانی و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بۆ بەندیخانەی خۆی ڕاگوێزرا و لەو کاتەوە لەو بەندیخانەیە ڕاگیرابوو هەتا بانەمەڕی ئەمساڵ گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین و پاش دوو مانگ لەوێشەوە بۆ بەندیخانەی کرمان گوازرایەوە و دواجار بۆ جارێکی دیکە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان گوازراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە