سزای سێدارەی دوو بەندکراوی ژن لە بەندیخانەی سنە و ئورمیە جێبەجێ کرا

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی ژن بە ناوەکانی سوهەیلا عابیدی خەڵکی بیجاڕ و فەرانەک بەهشتی خەڵکی تیکاب کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان

٥ گەلاوێژ ٢٧٢٢، ١٠:٣٠


هەنگاو: چوارشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی ژن بە ناوەکانی سوهەیلا عابیدی خەڵکی بیجاڕ و فەرانەک بەهشتی خەڵکی تیکاب کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٧ی جولای ٢٠٢٢) لە بەندیخانەکانی سنە و ئورمیە جێبەجێ کرا.


بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سوهەیلا عابیدی ٣٣ ساڵە وخەڵکی  بیجاڕ ٨ ساڵ پێش لەلایەن هێزی ئینتزامی دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە بە تۆمەتی کوشتنی شووەکەی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.جێگای ئاماژەیە کە سوهەیلا عابیدی قوربانی منداڵ هاوسەری بووە و لە تەمەنی ١٥ ساڵاندا ناچارکرابوو مێرد بکات.

هەروەها، فەرانەک بەهەشتی خەڵکی تیکاب ٥ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی شووەکەی دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو و لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو لە بەندیخانەکانی مەهاباد و ئورمیە ڕاگیرابوو.

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم دوو بەندکراوە هەتا ئێستا لە میدیا فەرمییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیدندراوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم دوو بەندکراوە لانی کەم ١٣ پیاوی دیکە لە بەندیخانەکانی سنە و ئورمیە بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای سێدارە، گوازراونەتەوە ژووری تاکەکەسی و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە