سوعدا خەدیرزادە دوای نەشتەرگەریی سزاریەن لەگەڵ کۆرپەکەی ڕەوانەی بەندیخانە کراوە

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی پیرانشار کە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای ٨ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ئورمیە، تەنیا چەند کاتژمێر پێش لە

٢ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ١٨:١٩


هەنگاو: پێنجشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

سوعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی پیرانشار کە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ دوای ٨ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ئورمیە، تەنیا چەند کاتژمێر پێش لە نەشتەرگەریی سزاریەن ڕەوانەی نەخۆشخانە کرابوو، ئێوارەی هەمان ڕۆژ و بەبێ ئەوەی تەندروستی بە دەست بێنێتەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندراوەتەوە و لە دۆخێکی نالەباردا ڕاگیراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، هەنگاو بەرپرسانی دەزگای داد ڕایانگەیاندووە کە هەتا کاتی چاکبوونەوەی تەواو و جێگیربوونی باری تەندروستی، سوعدا خەدیرزادە زادە دەتوانێت لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان بەبێ ئیزنی بنەماڵە و تەنانەت پارێزەرەکەی سوعدا، ناوبراویان بۆ بەندیخانە گواستووەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە سوعدا خەدیرزادە لە ماوەی ئەو ١٠ کاتژمێرەی کە لە نەخۆشخانە بووە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و تەنیا یەک جار لەرێگای تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵیان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە بە هەنگاوی وت: «سوعدا لە ماوەی ئەو ١٠ کاتژمێرەی کە لە نەخۆشخانە بووە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەست و لاقی بە تەخت (قەرەوێڵ) ی نەخۆشخانە بەستراوەتەو ەکە دوای ناڕەزایەتی کادیری نەخۆشخانەکە ئەو هێزانە ناچار بوون کە دەستبەند و پاوەنەکەی بکەنەوە».

سوعدا خەدیرزادە لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ هەتا شەممە ١٧ی بانەمە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٧ مانگ ناڕوونی چارەنووسی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مانی لە خواردن گرتبوو کە دوای ١١ ڕۆژ و بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە لە سەر جێبەجێکرانی داواکارییەکانی، کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

هەنگاو ماوەیەک پێش تۆمارێکی دەنگی سوعدا خەدیرزادەی بڵاو کردەوە کە، سوعدا خەدیرزادە تێیدا دەڵێت منیان وەک بارمتە لە بەندیخانە ڕاگرتووە و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ هەڕەشەیان لە من کردووە.

سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون بێبەش کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە