سوهەیلا حیجاب لە بەندیخانەی سنەوە بۆ بەندیخانەی کرماشان گوازرایەوە

هەنگاو: سوهەیلا حیجاب بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەیەک لەمەوبەر لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامینەوە بۆ سنە گوازرابوویەو

٢٦ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٢:١٨

 

هەنگاو: سوهەیلا حیجاب بەندکراوی سیاسی کورد کە ماوەیەک لەمەوبەر لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامینەوە بۆ سنە گوازرابوویەوە، بۆ بەندیخانەی کرماشان گوازراوەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢١ (٧ی ژانویەی ٢٠٢٢)، سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و بەندکراوی سیاسی خەڵکی کرماشان لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنەوە بۆ کرماشان گوازراوەتەوە و پاش یەک حەوتوو ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسی ئێستا براوەتە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی کرماشان و لەوێ ڕاگیراوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر (١٦ی نۆڤەمبری ٢٠٢١) لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامینەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی شاری سنە گوازرابوویەوە. هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەی قورچەک ئەوکات ناوبراویان دابووە بەر لێدان و کوتان و بە زۆر گواستبوویانەوە.

سوهەیلا حیجاب، پارێزەر و چالاکی مەدەنی خەڵکی کرماشان ڕۆژی شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٠ (٢٣ی مەی ٢٠٢٠)، دوای ئەوەی بانگ کرا بۆ لقی ٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران و دوابەدوای دانیشتنی دادگا کە پشتڕاست کردنەوەی حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی دادگای بەرایی لێکەوتەوە، لەکاتی بەجێ هێشتنی بینای دادگا لەلایەن هێزەکانی بنکەی ساروڵڵای سپای پاسداران دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گوازرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١٨ی مارسی ٢٠٢٠)، سوهەیلا حیجاب، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر مەقیسە حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.

ئەو چالاکە مەدەنیە بە چەندین تۆمەت وەکوو ”پڕووپاگەندە دژی نیزام“، ”گردبوونەوەی نایاسایی“، ”تێکدانی بیروڕای گشتی بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە“، ”دروستکردنی گرووپ بۆ داکۆکی لە مافی ژنان“ و ”داوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم و گۆڕینی یاسای بنەڕەتیی ئیران“ سەرجەم حوکمی ١٨ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپێندراوە.

بە پێی یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان، زیاترین حوکمی سوهەیلا حیجاب کە پێنج ساڵ بەندکرانە و ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت کە بە تۆمەتی گردبوونەوەی نایاسایی بە سەر ناوبراودا سەپێندراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە