سۆران شەریفی سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان کە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئی

٢٦ خەرمانان ٢٧٢١، ١٢:٥١

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان کە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سۆران شەریفی هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر پەیمان ڕوستەمی سەرجەم سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە و ڕۆژی شەممە ٢٠ی خەرمانان (١١ی سێپتامبر) ئەو سزایە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سۆران شەریفی بە تۆمەتی “ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” سزای ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە کە بە پێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزا واتە سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی جێبەجێ دەکرێت.

ئەو سەرچاوەیە کە ناوی لای هەنگاو پارێزراوە وتیشی کە، دادگا بڕیاری داخستنی دەرمانخانەی “حەکیم” ی کە لەلایەن ناوبراوەوە بەڕێوە دەچێت بۆ ماوەی دوو ساڵ دەرکردووە.

سۆران شەریفی ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (٢٤ی مەی ٢٠٢١) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری بۆکان دەستبەسەر و دوای یەک مانگ دەستبەسەر کران بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

جێگای ئاماژەیە کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەر کردنی سۆران شەریفی ماڵەکەشیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر مۆبایل، لەبتۆپ و کتێبەکانیدا گرتووە.

سۆران شەریفی لەو ماوەی کە دەستبەسەر کرابوو لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە