سێ بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ئورمیە مانیان لە خواردن گرت

هەنگاو: سێ بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی ئورمیە کە لە بەندی لاوانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەند کراون، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەبڕین بە نا

٢١ خەزەڵوەر ٢٧٢٠، ١١:٥١

 

هەنگاو: سێ بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی ئورمیە کە لە بەندی لاوانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەند کراون، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەبڕین بە ناڕوونی چارەنووسیان دوای یەک ساڵ بەندکران، مانیان لە خواردن گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سێ بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە بە ناوەکانی کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی و ئومید سەعیدی لە ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (١٠ی نۆڤەمبری ٢٠٢٠) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ١٣ مانگ بەندکران و ناڕوونی چارەنووسیان لە بەندیخانەی ئورمیە و هەروەها جیا نکردنەوەی بەندکراوان بە پێی تۆمەتەکان لە بەندی لاوانی ئەو بەندیخانەیە، مانگرتن لەخواردنی خۆیان ڕاگەیاندووە.

ئەو سێ هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئورمیە بە ناوەکانی عەبدولعەزیز محەمەدپوور و نائیب حاجی پوور لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و پاش یەک مانگ لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پێنج هاووڵاتییە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێرانیان خراوەتە پاڵ.

ئەو سێ بەندکراوە پێشترش دوو جار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ڕاگیرانیان لە بەندی لاوان و دژایەتی داواکاریەکەیان بە مەبەستی گوازرانەوە بۆ بەندی بەندکراوانی سیاسی، مانیان لە خواردن گرتبوو.

جێگای ئاماژەیە کە لەئێستا عەبدولعەزیز محەمەدپوور لە بەندی ٣ و نائیب حاجی پوور لە بەندی ١_٢ی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە