سێ بەندکراوی کورد دوای ٣٣ ساڵ بەندکران مەترسیی سێدارەیان لە سەرە

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە کە ٣٣ ساڵ پێش لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا و لەڕێگەی ڕێوڕەسمی «قەسامە» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو. مەترسی

٢٤ ڕەشەمە ٢٧٢١، ٢٠:٠٩

 

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئورمیە کە ٣٣ ساڵ پێش لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا و لەڕێگەی ڕێوڕەسمی «قەسامە» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو. مەترسیی جێبەجێکرانی سزاکەیان لەسەرە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڕیارە کە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (١٦ی مارسی ٢٠٢٢)، سزای سێدارەی سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی جەعفەر ئیسماعیلی، عوسمان سەحرایی و سەعید ئارمەت کە ٣٣ ساڵە بێ مافی مرەخەسی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون، جێبەجێ بکرێت.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەم سێ هاووڵاتییە ١٤ی پووشپەڕی ٢٦٨٨ کوردی (٥ی جولای ١٩٨٩) بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و بەبێ ئەوەی بەڵگەی سەلمێنراو بۆ سەپاندنی ئەو تاوانە هەبێت و تەنیا لە ڕێگەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی سوێندخواردن (قەسامە) حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپاوە.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەفشین جەهانگیری کوڕی ئەمیر خان سەرۆکی هۆزی هەرکی کە لایەنی پەیوەندیداری ئەم دۆسیەیە، هەتا ئێستا هەوڵەکان بۆ وەرگرتنی ڕەزایەتی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە و داواکاری گشتیی ئورمیە بە بنەماڵەکانیانی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر هەتا کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی چوارشەممە نەتوانن وەڵامی ئەرێنی لێ وەربگرن و لێیان خۆش بێت، ئەوا کاتژمێر ٤ی بەرەبەیان سزاکانیان جێبەجێ دەکرێت.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئیسماعیلی لەو بارەوە بە هەنگاوی وت: «ئەوان دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەو سێ بەندکراوە ئەنجام داوە و ئێستا لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیراون و چاوەڕێی جێبەجێکرانی سزاکەیان دەکەن.

هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم سێ بەندکراوە، داوا لە هەموو ڕێکخراوە مافی مرۆڤی و نێودەوڵەتییەکان دەکات بە خێرایی لەسەر ئەم دۆسیەیە هەڵوێست بگرن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە