سێ هاووڵاتیی خەڵکی کامیاران حوکمی دووجار لەسێدارەدان و ١٦٢ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی کامیاران بە تۆمەتی کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی

٢ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ١٧:٥٩

 

هەنگاو: سێ هاووڵاتیی خەڵکی کامیاران بە تۆمەتی کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی سێدارە و بەندکرانی درێژماوەیان بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی ڕەزبەڕی ٢٧١٩ (٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩)، لقی یەکی دادگای تاوانەکانی پارێزگای سنە، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری کامیارانی بە بێ حزووری خۆی بە دووجار لەسێدارە دان مەحکووم کردووە و حوکمی بەندکرانی درێژماوەشی بە سەر دووکەسی دیکەدا سەپاندووە.

بە پێی ئەو حوکمە، سەلاح ڕەحمانی خەڵکی کامیاران کە پێشمەرگەی حیزبی دێمکوراتی کوردستانی ئێرانە، بە بێ حزووری خۆی بە تۆمەتی کوشتنی دوو ئەندامی سپای پاسداران بە ناوەکانی سدیق ئەمینی و جەبار ئیبراهیمی بە ئیزنی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران حوکمی دووجار لەسێدارەدانی بە سەردا سەپاوە. ناوبراو هەروەها بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کوشتنی محەمەد ساڵح سابری حوکمی ٣ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

حەیدەر قوربانی یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەم کەیسە بە چەند تۆمەتی جیاواز حوکمی ١١٨ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٢٠٠ قامچی بەسەردا سەپاوە.

ناوبراو بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی سێ ئەندامی سپا بە ناوەکانی (محەمەد شاهۆ کەریمیان، جەبار ئیبراهیمی و سدیق ئەمین) سێ حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

حەیدەر قوربانی بە تۆمەتی کڕین و بەکارهێنانی دوو ئۆتۆمبێلی دزراوی جۆری پژۆ ٤٠٥ دوو حوکمی ٤ ساڵ بەندکران و لێدانی ٢٠٠ قامچی  بە سەردا سەپاوە.

دوو حوکمی بەندکرانی ١٥ مانگی بە تۆمەتی بەکارهێنانی دوو پلاکی ئۆتۆمبێل بۆ ئەو دوو پژۆیە.

سەپاندنی حوکمی ٦ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ڕفاندنی محەمەد ساڵح سابری.

سێ حوکمی ٤ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی هەوڵدان و هاوکاری سێ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بە ناوەکانی (کەماڵ قوبادی، سەعدی محمەدی و سەلاح ڕەحمانی) بۆ دەربازبوون.

مەحموود سادقی ژن برای حەیدەر کە یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەم کەیسەیە، بە چەند تۆمەتی جیا سەرجەم حوکمی ٤٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٢٠٠ قامچی بەسەردا سەپاوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛

بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی (محەمەد شاهۆ کەریمیان) سێ حوکمی ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

بە تۆمەتی کڕین و بەکارهێنانی دوو ئۆتۆمبێلی دزراوی جۆری پژۆ ٤٠٥ دوو حوکمی ٤ ساڵ بەندکران و لێدانی ٢٠٠ قامچی  بە سەردا سەپاوە.

دوو حوکمی بەندکرانی ١٥ مانگی بە تۆمەتی بەکارهێنانی دوو پلاکی ئۆتۆمبێل بۆ ئەو دوو پژۆیە.

بە پێی ماددەی ١٣٤ی یاسای بنەڕەتی ئێران پەسەند کراوی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، ئەو کەسانەی کە چەند حوکمیان هەیە حوکمە زۆرەکەیان جێبەجێ دەکرێت و بەم پێی حەیدەر قوربانی و مەحموود سادقی هەرکامەیان حوکمی ٣٠ ساڵەکەیان جێبەجێ دەکرێت.

حەیدەر قوربانی و مەحموود سادقی مانگی ڕەزبەری ٣ ساڵ پێش دەستبەسەر و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراون و هەتا ٢٠ ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی ئەو حوکمە دەتوانن تانە لە بڕیارەکەی دادگا بدەن. هەروەها ئەو ٣ ساڵەش وەکوو تێپەڕاندنی ماوەی ٣٠ ساڵ حوکمەکەیان هەژمار دەکرێت.

جێگای ئاماژەیە کە کوڕێکی سەلاح ڕەحمانی بە ناوی سەباح، ڕۆژی پێنج شەممە ١٠ی ڕەشەممەی ٢٧١٧ (٢ی مارسی ٢٠١٨) لە ئەنجامی تەقینەوەیەک کە لە شاری هەولیر ڕوودا گیانی لە دەست دا. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دواتر ئەو کردەوە تیرۆریستەی خستە ئەستۆی ئێران.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە