سێ هاووڵاتیی کورد بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکەیان دەستبەسەر کران

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی بۆکان و ئورمیە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بە سە

٦ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١٠:٣٠

 

هەنگاو: لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی بۆکان و ئورمیە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بە سەردا سەپابوو، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان دەستبەسەر و ڕوانەی بەندیخانە کران.
 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٢٤ی ژانویەی ٢٠٢١)، سالار چاوەشی هاووڵاتیی خەڵکی گوندی ”حاجی لەک“ سەر بە ناوچەی چۆمی مەجیدخانی بۆکان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.
 

سالار چاوەشی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەر و دوای تەوابوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
 

ئەو هاووڵاتییە کوردە دواجار لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە دژی نیزام و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران“ سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا کە ئەو سزایە مانگی سەرماوەز لەلایەن لقی ١٣ی دادگای پیداچوونەوەی پارێزگای ئورمیەوە بۆ ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.
 

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بەفرانبار (١٩ی ژانویە)، هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان بە ناوی ”فواد محەمەدپوور“ هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر کردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی بۆکان دەستبەسەر کراوە کە هەنگاو زانیویە ناوبراو بە مەبەست تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.
 

فواد محەمەدپوور ڕۆژی سێشەممە ٢١ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (١١ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەر و مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی بۆکان بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕوستەمی بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران“ سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا و مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ سزاکەی لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئورمیەوە بۆ ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.


هەروەها، ڕۆژی شەممە ٢٧ی بەفرانبار (١٦ی ژانویە)، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی باوانی ئورمیە بە ناوی ”حەسەن بەراتی“ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٦ مانگ بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ئورمیە کراوە.

حەسەن بەراتی ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (٣ۆی ژوئەنی ٢٠١٩) هاوڕێ لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی ئورمیە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و مانگی گەلاوێژی هەمان ساڵ لەلایەن لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزا نەجەفزاده بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران“ سزای پێنج سال بەندکرانی بە سەردا سەپابوو.


دواجار ئەو سزایە لەلایەن لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی ئورمیە لە پێنج ساڵەوە بۆ ٦ مانگ بەندکران کەم کرایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە