سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون

٢٩ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ٢٠:٤٢


هەنگاو: سێ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەت لە شارەکانی تەورێز، پیرانشار و سنە دەستبەسەر کراون.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (١٨ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی پیرانشار بە ناوی ”ڕەزا قوربانی“ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە. ڕەزا قوربانی لە گەڕەکی کارگەی قەند دەستبەسەر و پاشان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.


لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕی ٩٩ (٩ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، سەربازێکی خەڵکی گوندی بزوەشی کامێران بە ناوی ”زانکۆ قوربانی“، لە کاتی سەربازی لە یەکێک لە پادگانەکانی تەورێز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.


ئەو سەربازە کوردە دوای دەستبەسەر کران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز گوازراوەتەوە و لە ڕێگای تەلەفوونەوە بنەماڵەکەی ئاگادار کردووەتەوە.


هەروەها، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی سلێن سەر بە سەوڵاوا بە ناوی ”یاسر ئەدەوایی“، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەر و پاش مانگێک چارەنووسی نادیارە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی لەو پەیوەندییەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە