سێ چالاکی ژینگەپارێزی کورد بە هۆی تەقینەوەی مین گیانیان لە دەست دا

هەنگاو: هەنگاو هێندێک بەڵگەی دەست کەوتووە کە دەری دەخەن هۆکاری گیان لە دەست دانی سێ ژینگەپارێزی خەڵکی پاوە بە هۆی ئاگرکەوتنەوە نەبو

٩ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ٠٩:٤٣


هەنگاو: هەنگاو هێندێک بەڵگەی دەست کەوتووە کە دەری دەخەن هۆکاری گیان لە دەست دانی سێ ژینگەپارێزی خەڵکی پاوە بە هۆی ئاگرکەوتنەوە نەبووە، بەڵکوو لە ئەنجامی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی سپای پاسداران بۆ بەرەنگاربوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان گیانی لە دەست داوە.


بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆبی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەری ٢٧٢٠ (٢٨ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، سێ چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری پاوە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگر لە کوێستانەکانی پاوە گیانی لە دەست داوە.


 ناسنامەی ئەو سێ کەسە بە ناوەکانی موختار خەندانی خەڵکی نەوسوود ، بیلال ئەمینی خەڵکی ناوچەی ئێناخی و دانیشتووی پاوە و یاسین کەریمی خەڵکی گوندی شمشێر بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.


هەروەها چالاکێکی دیکەش بە ناوی سۆران مەحموودی خەڵکی گوندی دەرەبەیان بە سەختی بریندار بووە.


یەکێک لە چالاکانی ژینگەپارێزی پاوە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەو سێ ژینگەپارێزە لە کاتی کۆنترۆڵ کردنی ئاگر چوونەتە سەر مینە چێندراوەکانی سپای پاسداران و گیانیان لە دەست داوە.


ئەو چالاکە مەدەنییە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەکان وێڕای گوشاری بۆ چالاکانی مەدەنی بە تایبەت ئەندامانی ڕێکخراوی ژینگەپارێزی ژیوای چەندین کەسیان یەک لەوان موختار خەندانی بانگ و هەڕەشەیان لێیان کردووە.


موختار خەندانی وتەبێژی و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەری و ئەندامی کۆمیتەی ئۆپەراسیۆنی ژینگەپارێزی “ژیوای”ی شار پاوە بوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە