سێ کەس دەستبەسەر کران کە یەکێکیان کچێکی ٢٠ ساڵانە

سێ کەس دەستبەسەر کران کە یەکێکیان کچێکی ٢٠ ساڵانە

18:40 - 22 July 2019

 

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شارەکانی سەقز، پیرانشار و بۆکان سێ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵی خەڵکی گوندی ”گەزگەسک پیرانان“ی پیرانشار بە ناوی ”دونیا شاڵی“ کچی حوسێن لەلایە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دونیا شاڵی بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزێسیۆنی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر و بۆ ئیتلاعاتی ئورمیە گوازراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە (١٩ی پووشپەڕ / ١٠ی ژوئیە)، هاووڵاتییەکی تەمەن ٥٥ ساڵی خەڵکی بۆکان بە ناوی ”عەلی عەرەب“ بە هەمان تۆمەت دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازراوەتەوە.

هەروەها، نزیکەی ٢٠ ڕۆژ پێش ئێستا، هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز بە ناوی ”هادی محەمەدزادە“ خەڵکی گوندی ”زەفەرئاوا“ لە شاری کامیاران دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

هەواڵنیری هەنگاو لە سەقز لەوبارەوە ڕایگەیاند کە، ئیتلاعاتی کامیاران زەنگی داوە بۆ بنەماڵەی هادی و وتوویانە کە سەردانی ئەوێ بکەن و ئۆتۆمبێلەکەی بەنەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.