سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی زستانی ڕابردووی کوردستان هێشتا لە بەندیخانەن

هەنگاو: سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو کوردستان هێشتا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە

١٩ بەفرانبار ٢٧٢١، ٢٢:٤٦

 

هەنگاو: سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو کوردستان هێشتا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون و دۆسیەکەیان  یەکلایی نەبووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕینی یەک ساڵ بە سەر دەستبەسەر کرانی سێ چالاکی کورد بە ناوەکانی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی خەڵکی مەهاباد و محەمەد هۆشەنگی خەڵکی جوانڕۆ ئەو سێ کەسە هێشتا دادگایی نەکراون و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون.

جێگای ئاماژەیە کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئەم سێ هاووڵاتیە مافی مرەخەسییان پێ نەدراوە و بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێن لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراون.

ئەم سێ چالاکە کوردە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە تۆمەتی “بەغی:” خراوەتە پاڵیان و دۆسیەکەیان ڕەوانەی لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی کراوە، بەڵام دوای ٥ مانگ ئەم دادگایە هێشتا خحی دەبوێرێ لە بەڕیوەچوونی دانیشتنی دادگای ئەم سێ کەسە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سێ کەسە تەنیا بە پێی دانپێدانانی زۆرەملێی چەند کەس لە دەستبەسەرکراوانی دیکە لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە و تۆمەتی “بەغی” خراوەتە پاڵیان و بە وتەی پارێزەرەکانیان سپا جیا لەوە هیچ بەڵگەیەکی دیکەی ڕەوانەی دادگای مەهاباد نەکردووە.

فارۆق سامانی برای فەرزاد لە ئیستاگرامی خۆی نووسیویەتی: “دادوەر غوڵامی دادوەری لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهاباد هەتا ئێستا لە سەر ئەوەی کە دانیشتنی دادگا بەڕێوەنەچووە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی بە پارێزەرەکان و بنەماڵەی ئەو سێ کەسە کە چەندین مانگە لە ساڵۆنەکانی دادگای شۆڕش بە شوێن تۆزقاڵێک دادپەروەرییەوە سەرگەردانن، نەداوە”.

فەرزاد سامانی خوێندکاری تێرمی کۆتایی ماستەری کۆمەڵناسیی زانکۆی خوارەزمیی کەرەج و ساکار عەینی دەرچووی بەشی بیناسازی زانکۆی ئورومیه  هەر دوو خەڵکی مەهاباد رۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢٠( ٩ی ژانوویەی ٢٠٢١) و محەمەد هۆشەنگی خەڵکی جوانڕۆ ٢١ی بەفرانبار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتی سپا لە شارەکانی کەرەج و تاران دەستبەسەر و بۆ ئورمیە بەڕێ دەکرێن.

لە رەوتی دەستبەسەرکردنە بەربڵاوەکانی هاووڵاتییانی کورد لە بەفرانباری ساڵی رابردوو، زیاتر لە ١١٥ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە