سێدارە سێبەری خستووەتە سەر تازەلاوێکی کورد + وێنە

هەنگاو: تازە لاوێکی کورد کە لە تەمەنی ١٧ ساڵاندا حوکمی لەسێدارەدانی بەرسەردا سەپاوە، مەترسیی جێبەجێبوونی حوکمەکەی لە ئارادایە.

٢٠ خاکەلێوە ٢٧١٨، ٢٣:٠٧

 

هەنگاو: تازە لاوێکی کورد کە لە تەمەنی ١٧ ساڵاندا حوکمی لەسێدارەدانی بەرسەردا سەپاوە، مەترسیی جێبەجێبوونی حوکمەکەی لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، هەواڵی نزیکبوونەوەی لەسێدارەدانی لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵانی کوردی خەڵکی سونقوڕ کە لە گرتووخانەی دیزڵاوای کرماشاندا ڕاگیراوە، بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.

هەواڵنێری “هەنگاو” لە شاری سونقوڕەوە، ناسنامەی ئەم لاوە کوردەی “حەمید ئەوسەتی” ڕاگەیاند و پێداگری کردەوە کە ئەم لاوە کوردە لەدایکبووی ١٨ی گەلاوێژی ساڵی ٢٦٩٥ی کوردی (١٣٧٤ی هەتاوی)ـە و پێنج ساڵ پێش لە تەمەنی ١٧ ساڵاندا و بە تۆمەتی کوشتنی بئەنقەستی کەسێک دەستبەسەر کراوە و حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم لاوە کوردە پێنج ساڵ پێش واتە بەهاری ساڵی ٢٧١٣ی کوردی (١٣٩٢ی هەتاوی) لە کاتێکدا کە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە، دەستبەسەر و دواتر حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئەوسەتی بە هەواڵنێری “هەنگاو”ی ڕاگەیاند، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە بە بنەماڵەی ڕاگەیەندراوە کە بەم زووانە حوکمی لەسێدارەدانی حەمید دەڕواتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەواڵی داسەپاندن و مەترسیی جێبەجێکرانی لەسێدارەدانی حەمید ئەوسەتی، وەکوو کەسێک کە لە کاتی ئەنجامدانی تاواندا منداڵی تەمەن خوار ١٨ ساڵ بووە، تاوەکوو ئێستا لەلایەن هیچ هەواڵدەرییەکەوە باسی لێوە نەکراوە و ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو” وەکوو یەکەمین سەرچاوە ئەم هەواڵە بڵاو دەکاتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە