سەقز؛ بەهۆی تەقەی هێزە حکومەتییەکان لە قوتابخانەیەکی کچانە دوو مامۆستای ژن برینداربوون

لە ئەنجامی دەستڕێژی هێزە ئەمنییەکان لە قوتبخانەکانی شاهیدی هوشمەند و هونەرستانی کچانە، دوو مامۆستای ئەم قوتابخانانە بە ن

١٦ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٦:٣٩


هەنگاو: شەممە ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢

لە ئەنجامی دەستڕێژی هێزە ئەمنییەکان لە قوتبخانەکانی شاهیدی هوشمەند و هونەرستانی کچانە، دوو مامۆستای ئەم قوتابخانانە بە نێوەکانی هەڵاڵە فەرەجپوور و نیگار ئەفرا برینداربوون.


بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانان ٢٧٢٢ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) کچە قوتابییانی ئەم قوتابخانانە پێکەوە بە وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و مردن بۆ دیکتاتۆر دەستیان بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان کرد.


بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێز ئەمنییەکان بە خێرایی بەرەو شوێنە ناوبراوەکان چوون و دەستیان بە دەستڕێژی ڕوو بە حەوشەی قوتابخانەکان کردووە.


قوتابییەکی بەشداری ئەم خۆپیشاندانە لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "لە ئاکامی دەستڕێژی هێزە حکوممیەکان نیگار ئەفرا جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی شاهیدی هوشمەند و هەڵاڵە فەرەجپوور بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی هونەرستانی عیسمەت، بە سەختی بریندار بوون و بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە".


هەنگاو ئەمڕۆ بە بڵاوکردنەوەی چەندین تویت لەمبارەوە ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی سنە و سەقز دەستیان بە تەقەکردن لە خەڵکی ناڕازی کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە