سەلاسی باوەجانی؛ ئارین موریدی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکان گیان لەدەست دا

لاوێکی ٢٢ ساڵە بەناوی ئارین موریدی، لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سەلاس باوەجانی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێ.

١٨ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٠:١٠


هەنگاو: دووشەممە، ١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢

لاوێکی ٢٢ ساڵە بەناوی ئارین موریدی، لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکان گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە کاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، هێزە حکومییەکان خۆپیشاندەرانیان داوەتە بەر دەستڕێژ، بە هۆییەوە ئارین موریدی ٢٢ ساڵە بە سەختی بریندار بووە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو لاوە دوای برینداربوونی براوەتە نەخۆشخانەی حەزرەت ڕەسووڵی جوانڕۆ، کە بەهۆی سەختی برینەکەی و خراپبوونی باری تەندروستی گواستراوەتەوە بۆ کرماشان و لە ئاکامدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەست داوە.


سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی موریدی لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، کە گولە بەر سینگ و ملی ئارین موریدی کەوتووە.


هەنگاو زانیویەتی، کە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ئارین موریدی ئەمڕۆ لە گوندی قوڵقوڵە زێدی لەدایکبوونی بەڕێوە دەچێت.


خەڵکی شاری سنووری سەلاسی باوەجانیی سەر بە پارێزگای کرماشان، شەوی ڕابردوو بۆ یەکەمجار هاتنە سەر شەقام و پەیوەست بوون بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانەوە و هێزەکانی حکومەت تەقەیان ڕوو بە خەڵک کردووە، کە بە هۆییەوە لانی کەم ٦ کەسی دیکە برینداربوون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە