سەکینە پەروانە بەندکراوی سیاسی کورد مانی لە خواردن گرتووە

هەنگاو: سەکینە پەروانە بەندکخراوی سیاسی کورد ماوەی پێنج ڕۆژە کە لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران مانی لە خواردن گرتووە.

١٩ خەرمانان ٢٧٢٠، ١٥:٠٨

 

هەنگاو: سەکینە پەروانە بەندکراوی سیاسی کورد ماوەی پێنج ڕۆژە کە لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران مانی لە خواردن گرتووە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسی کوردی خەڵکی خوراسان، لە ڕۆژی شەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٥ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، بە نیشانەی هاودەردی لەگەڵ بنەماڵەی ”ئەبروو تیمتیک“ پارێزەری کوردی خەڵکی باکووری کوردستان کە ١١ی خەرمانان دوای ٢٣٨ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن لە بەندیخانەکانی تورکیا گیانی لە دەست دا، مانی لە خواردن گرتووە.
 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئێڤین وێڕای پشڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە سەکینە پەروانە ئەمڕۆ پێنجەمین ڕۆژی مانگرتنی خۆی تێپەڕ دەکات.

 

سەکینە پەروانە تەمەن ٣٠ ساڵ، ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٩(٧ی فێوریەی ٢٠٢٠) لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان دەستبەسەر و لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین تاران ڕاگیرابوو.
 

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٧ی مەی ٢٠٢٠) لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆرشی تارانەوە حوکمی پێنج ساڵ بەندکران و بێبەری کردن لە ئەندامیەتی رێکخراوە سیاسیەکان بۆ ماوەی دوو ساڵی بەسەردا سەپێندراوە.

 

ئەو بەندکراوە کوردە ماوەیەک پیش دوای ئەوەی لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین مانی لە خواردن گرتبوو، بۆ بەندیخانەی ئێڤین گوازرایەوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە