سەکینە پەروانە، بەندکراوی سیاسی کورد مانی لەخواردن گرتووە

هەنگاو: سەکینە پەروانە بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە، مانی لە خواردن گرتووە.

٧ جۆزەردان ٢٧٢٠، ٢٢:١٥


هەنگاو: سەکینە پەروانە بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە، مانی لە خواردن گرتووە.


بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەکینە پەروانە بەندکراوی سیاسی کە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە، لە ڕۆژی دوشەممە ٥ی جۆزەردان (٢٥ی مەی ٢٠٢٠) بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربرین بە حوکمی ٥ ساڵ بەندکران و جێبەجێ نەکردنی جیاکردنی بەندکراوان بە پێی تۆمەت، مانی لە خواردن گرتووە.

بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەکینە پەروانە لە بەندی ٣ی بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە کە ئەو بەندە تایبەتە بە بەندکراوانی پەیوەندیدار بە ماددە سڕکەرەکان و ئەوانەی کە بە هۆی کێشەی ماڵییەوە دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (١٧ی مەی ٢٠٢٠)، سەکینە پەروانە بەندکراوی سیاسی خەڵکی پارێزگای خۆراسانی رەزەوی، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆرشی تارانەوە حوکمی پێنج ساڵ بەندکران و بێبەری کردن لە ئەندامیەتی رێکخراوە سیاسیەکان بۆ ماوەی دوو ساڵی بەسەردا سەپێندراوە.


ئەو حوکمە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەڵە و دێموکرات بە ئامانجی تێکدانی ئەمنیەتی وڵات بە سەر سەکینەدا سەپێندراوە و لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا دەتوانرێ داوای پێداچوونەوەی ئەو حوکمە بکات.

سەکینە پەروانە تەمەن ٣٠ ساڵ، ڕۆژی ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٩(٧ی فێوریەی ٢٠٢٠) لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان دەستبەسەر و لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعات لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین تاران ڕاگیرابوو.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو ژنە کوردە بە تۆمەی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کورستانیەکانی دژبەری حکومەتی ئێران دەستبەسەر و سەرەڕایی کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان، بە هۆی ئەوەی نەیتوانیوە کە بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی دابین بکات، تا ئێستا لە دەستبەسەرگەی قەرچەکی وەرامین ڕاگیراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە