شاناز سادقی فەڕ و کچە ١٧ ساڵەکەی مانیان لەخواردن گرتووە

هەنگاو: دایک و کچێکی کورد کە ماوەی ساڵێکە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون، مانیان لە خواردن گرتووە.

٢٥ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٢:٥٨


هەنگاو: دایک و کچێکی کورد کە ماوەی ساڵێکە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون، مانیان لە خواردن گرتووە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شاناز سادقی فەڕ بەندکراوی سیاسی کورد و کچە تەمەن ١٧ ساڵەکەی بە ناوی ”ئایناز زارع“ لە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٠) لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە مانیان لە خواردن گرتووە.


سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند کە، ئەو دوو کەسە بە هۆی ناڕووی چارەنووس و ڕاگیرانی نایاسایی ئایناز زارع و سەۆاندنی حوکمی ١٥ ساڵ بە سەر دایکی مانیان لە خواردن گرتووە.


شاناز سادقی‌فەڕ، بەندکراوی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، سەرەتای مانگی گەلاوێژیش بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە سەپاندنی حوکمی ١٥ ساڵ بەندکران لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتەوە، مانی لە خواردن گرتبوو.


شاناز (بێریڤان) سادقی‌فەر ڕۆژی ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی ژوئیە) لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو موحاکمە و بە تۆمەتی ”ئەندامەتی لە پارتی ئازادی کوردستان (پاک)“ حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ناوبراو لە ڕەوتی دانیشتنی دادگا لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.


ناوبراو مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو دوای ئەوەی لە پارتی ئازادی کوردستان جیابووەتەوە لە ئیدارەی ئیتلاعات ئەماننامەی وەرگرتووە و دواتر لە سنووری بانەوە گەڕاوەتەوە ئیران و لە کاتی دەستبەسەر کران بەڵێنییان پیدابوو کە تەنیا چەند ڕۆژ دەستبەسەر دەکرێت،بەڵام ١١ مانگە دەستەبسەر و ئێستاش حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و هەر بەو هۆیەش مانی لە خوارن گرتووە.

جێگای ئاماژەیە کە شانازی سادقی‌فەڕ ماوەی سێ ساڵ ئەندامی پارتی ئازادی کوردستان بووە و دژ بە ڕێکخراوی داعش شەڕی کردووە و لە شەڕانەش بریندار بووە و ئێستاش دوو پارچە ئاسن لە سەر دڵی ناوبراوە و پیویستی خێرای بە چارەسەریی پزیشکی هەیە. ناوبراو لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا لە هەر چەشنە خزمەتگوزارییەکی پزیشکی بێبەش بووە. ناوبراو پێشتر لە باشووری کوردستان نەشتەرگەریی بۆ کراوە و ئێستا برینەکانی چڵکیان کردووە و پێویستی خێرای بە چارەسەریی پزیشکی هەیە.


شاناز سادقی‌فەڕ پێشتر بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەندامی پاک بووە و خەرمانانی ساڵی ڕابردوو دوای جیابوونەوە لەو حیزبە هاوڕێ لەگەڵ کچە تەمەن ١٧ ساڵانەکەی بە ناوی (ئایناز زارع) گەڕایەوە ئێران و هەردوویان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.


ئایناز زارع، کچی شاناز لە لایەن دادگای تایبەت بە منداڵانەوە دادگایی کراوە و هێشتا حوکمەکەی پێ ڕانەگەیدنراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە