شاکر بێهرووزی بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە مانی لەخواردن گرت

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە کە دوو مانگ پێش سازای بەندکرانەکەی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پشتڕاستکرایەوە مانی لەخواردن گرت.

١ سەرماوەز ٢٧٢١، ١٤:١٢

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە کە دوو مانگ پێش سازای بەندکرانەکەی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پشتڕاستکرایەوە مانی لەخواردن گرت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ )٢١ی نۆڤەمبری ٢٠٢١(، شاکر بێهرووزی بەندکراوی سیاسی کە سزای سێدارەی بە سەردا سەپاوە لە پیش دەفتەری نیگابانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە نامەی ڕاگەیاندنی مانگرتنی خۆی لە خواردن ڕادەست کردن و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە گوشارەکانی ئیتلاعاتی سپا بۆ سەر بنەماڵەی لایەنی سکاڵاکەری دۆسیەکەی، مانی لە خواردن گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی بێهرووز، دوای پەسەند کردنی سزای سێدارەی شاکر بێهرووزی لەلایەن دادگای باڵا، ئیتلاعاتی سپا گوشاری خستووەتە سەر بنەماڵەی کوژراوەکە کە ئەندامێکی سپای پاسدارنە و پێیانی وتووە دەبێ سکاڵا تۆمار بکەن و  تەنەنات هەڕەشەی یڕینی موچەی شەهیدانەی لەو بنەماڵەیە کردووە ئەگەر لەم دۆسیەدا بە قازانجی شاکر ڕەزامەندی دەرببڕن.

ناوبراو کە ماوەی ٧ مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ (١٢ی مارسی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی بێهرووزی پێشتر لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو کە، شاکر ماوەی یەک ساڵ و ٩ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیداریە ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجە بووە هەتا دان بە تیرۆر کردنی ئەندامێکی ئیدارەی ئیتلاعات بنێت.

شاکر بێهرووزی مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٠ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی ئورمیە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران سزای سێدارەی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە ١٠ ڕۆژ پێش لەلایەن لقی ٣١ی دادگای بەرزی وڵات کە لە شاری قوم جێگیرە، پەسەند کراوە.

جێگای ئاماژەیە ئەم سزایە لە کاتێکدا پشتڕاستکراوەتەوە کە ١٢ کەس لە دانیشتوانی دزەی مەرگوەر شایەتییان داوە کە لە کاتی کوژرانی مامل محەمەدی، شاکر بێهرووزی لە گوندەکەی خۆیان بووە. هەروەها بنەماڵەی ئەم ئەندامەی سپای پاسداران حازر نەبوون کە سکاڵا بکەن، بەڵام دواجار لە ژێر گوشارەکانی ئیتلاعاتی سپا ناچار کراون کە سکاڵا تۆمار بکەن.

 شاکر بێهرووزی خەرمانانی ساڵی ٢٧٢٠ (ئاگۆستی ٢٠٢٠) لەلایەن لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ئەم حوکمە بە تۆمەتی "بەغی" و  ”ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەلە“ بە سەر ناوبراودا سەپابوو. سەپاندنی حوکمی سێدارە بە سەر شاکر بێهرووزی بە تۆمەتی ئەندامەتی کۆمەڵە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئورمیە و دەستبەسەر کراوە.

دواجار ئەم سزایە مانگی پووشپەڕی ٢٧٢١ (جولای ٢٠٢١) لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ دادگای شۆڕشی ئورمیە گەڕێندرایەوە.

شاکر بێهرووزی خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ، کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٩، لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر “شەیخلوو” حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. ئەو حوکمە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەر ناوبراو دا سەپاوە و لە کاتی دانیشتنی دادگا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە