سزای سێدارەی شاکر بێهرووزی پشتڕاست کرایەوە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی ئورمیە کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، سزای سێدارەکەی هەڵوەشێندرابوویەوە، ئەمجارەیان لە دۆسیەیەکی دی

٦ ڕەزبەر ٢٧٢١، ٢٢:٥٤

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی ئورمیە کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، سزای سێدارەکەی هەڵوەشێندرابوویەوە، ئەمجارەیان لە دۆسیەیەکی دیکەدا و بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران سزای سێدارەکەی پەسەند کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٦ی ڕەزبەری ٢٧١ (٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢١)، پشتڕاستکرانەوەی سزای سێدارەی شاکر بێهرووزی، بەندکراوی سیاسی کورد بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران لەلاین دیوانی بەرزی وڵاتەوە بە فەرمی بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە کە ئێستا لە بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شاکر بێهرووزی مانگی بەفرانباری ساڵی ٢٧٢٠ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای تاوانەکانی ئورمیە بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سپای پاسداران سزای سێدارەی بە سەردا سەپا و ئەم سزایە ١٠ ڕۆژ پێش لەلایەن لقی ٣١ی دادگای بەرزی وڵات کە لە شاری قوم جێگیرە، پەسەند کراوە.

جێگای ئاماژەیە ئەم سزایە لە کاتێکدا پشتڕاستکراوەتەوە کە ١٢ کەس لە دانیشتوانی دزەی مەرگوەر شایەتییان داوە کە لە کاتی کوژرانی مامل محەمەدی، شاکر بێهرووزی لە گوندەکەی خۆیان بووە. هەروەها بنەماڵەی ئەم ئەندامەی سپای پاسداران حازر نەبوون کە سکاڵا بکەن، بەڵام دواجار لە ژێر گوشارەکانی ئیتلاعاتی سپا ناچار کراون کە سکاڵا تۆمار بکەن.

 شاکر بێهرووزی خەمرنانی ساڵی ٢٧٢٠ (ئاگۆستی ٢٠٢٠) لەلایەن لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ئەم حوکمە بە تۆمەتی "بەغی" و  ”ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەلە“ بە سەر ناوبراودا سەپابوو. سەپاندنی حوکمی سێدارە بە سەر شاکر بێهرووزی بە تۆمەتی ئەندامەتی کۆمەڵە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئورمیە و دەستبەسەر کراوە.

دواجار ئەم سزایە مانگی پووشپەڕی ٢٧٢١ (جولای ٢٠٢١) لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ دادگای شۆڕشی ئورمیە گەڕێندرایەوە.

 شاکر بێهرووزی خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ، کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٩، لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر “شەیخلوو” حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. ئەو حوکمە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەر ناوبراو دا سەپاوە و لە کاتی دانیشتنی دادگا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووە.

ناوبراو کە ماوەی ٧ مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ (١٢ی مارسی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی بێهرووزی پێشتر لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندبوو کە، شاکر ماوەی یەک ساڵ و ٩ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیداریە ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجە بووە هەتا دان بە تیرۆر کردنی ئەندامێکی ئیدارەی ئیتلاعات بنێت.

مامل محەمەدی کە ئەندامی سپای پاسداران بوو، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ ( ١٣ی مارسی ٢٠١٨) لە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە بە دەستی گرووپێکی نەناسراو کوژرا کە دواتر گرووپی هەڵۆکانی زاگرۆس بەرپرسیاتی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە