شاکر بێهرووزی بەندکراوی سیاسی کورد حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە کە دوو ساڵ پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی

٢٠ خەرمانان ٢٧٢٠، ١٢:٣٦

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە کە دوو ساڵ پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتەوە حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شاکر بێهرووزی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی ئورمیە لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو حوکمە لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە تۆمەتی "بەغی" و  ”ئەندامەتی لە حیزبی کۆمەلە“ بە سەر ناوبراودا سەپاوە و بە فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە. سەپاندنی حوکمی سێدارە بە سەر شاکر بێهرووزی بە تۆمەتی ئەندامەتی کۆمەڵە لە کاتێکدایە کە ناوبراو پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئورمیە و دەستبەسەر کراوە.


 شاکر بێهرووزی خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ، کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٩، لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر “شەیخلوو” حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. ئەو حوکمە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەر ناوبراو دا سەپاوە و لە کاتی دانیشتنی دادگا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێبەش بووە.

ناوبراو کە ماوەی ٧ مانگ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە، دوای جیابوونەوە لەو حیزبە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ (١٢ی مارسی ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر کراوە.
 

شاکر (فەرهاد) بێهرووزی،مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی چەند ڕۆژ گوازرابوویەوە بەندیخانەی ئورمیە و دواتر سەرلەنوێ بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی دەستبەسەرگەی ئیتلاعات گوازرابوویەوە و سەرەتای ساڵی ٢٧٢٠ گەڕێندراوەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.
 

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی بێهرووزی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، شاکر ماوەی یەک ساڵ و ٩ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیداریە ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجە بووە هەتا دان بە تیرۆر کردنی ئەندامێکی ئیدارەی ئیتلاعات بنێت.
 

مامل محەمەدی کە ئەندامی سپای پاسداران بوو، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ ( ١٣ی مارسی ٢٠١٨) لە ناوچەی مەرگەوەڕی ئورمیە بە دەستی گرووپێکی نەناسراو کوژرا کە دواتر گرووپی هەڵۆکانی زاگرۆس، کە گرووپێکی چەکداری نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، بەرپرسیاتی ئەو هێرشەی گرتە ئەستۆ.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە