شێرکۆ ئاگووشی بە پێبەندی ئەلەکترۆنی ئازاد کرا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی پیرانشار دوای تێپەڕاندنی نزیکی دوو ساڵ لە سزای بەندکرانەکەی بە پێبەندی ئ

٢٩ جۆزەردان ٢٧٢١، ٢١:٥٢

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی پیرانشار دوای تێپەڕاندنی نزیکی دوو ساڵ لە سزای بەندکرانەکەی بە پێبەندی ئەلەکترۆنی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢١ (١٩ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شێرکۆ ئاگووشی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی پیرانشار دوای تێپەڕاندنی نزیکەی دوو ساڵ لە سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی بە پێبەندی ئەلەکترۆنی ئازاد کرا.

شێرکۆ ئاگووشی ڕۆژی شەممە ٩ی خەرمانانی ٢٧١٩ (٣١ی ئاگوستی ٢٠١٩) لە پاش ئەوەی لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستی بریندار کرابوو،  دەستبەسەر کرابوو و گوازرابوویەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپا لە ئورمیە.

ناوبراو زستانی ڕابردوو  لە لایەن دادگای شۆڕشی پیرانشارەوە بە تۆمەتی هاوکاری کردن و ئەندام بوون لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان (حدک) سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

جێگای ئاماژەیە کە شێرکۆ ئاگووشی بە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسدارانیش تۆمەتبارە و دانیشتنی دادگاکەی لەسەر ئەم تۆمەتە  بڕیارە لەلایەن دادگای شۆڕشی مهاباد بەڕێوە دەچێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە