شەش هاووڵاتیی دیکە لە کوردستان دەستبەسەر کران

هەنگاو: لە درێژی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییانی کورد لانیکەم شەش هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شارەکانی سنە، پاوه، دیواندرە و شنۆ لە

١٣ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١١:٤٥

 

هاوکاری هەنگاو بن

هەنگاو: لە درێژی دەستبەسەر کرانی هاووڵاتییانی کورد لانیکەم شەش هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شارەکانی سنە، پاوه، دیواندرە و شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٣١ی ژانویەی ٢٠٢١)، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری سنە ڕۆژنامەنووسێکیان بە ناوی مەحموودی مەحموودی دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەحموود مەحموودی یەکێک لە نووسەرانی حەوتوونامەی ”ئاگرین ڕۆژ“ بووە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەگەڵ دەیان چالاکی مەدەنی بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی سەر ئاوەڵا بەپەرۆشبوونی خۆیان لە دەستبەسەرکردنی بە کۆمەڵی لاوانی کورد دەربڕیبوو.
شەوی هەمانڕۆژ، هێزە ئەمنییەکان لە شاری شنۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ”عەزیز قادرتاج“ و دەستبەسەریان کردووە. عەزیز قادرتاج مامۆستای ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بووە و لە قوتابخانەی بنەڕەتی گوندی نزریوە وانەی وتووەتەوە.


ڕۆژی شەممەش، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی بانەوڕەی پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان و سێ لاویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری پاوه ناسنامەی ئەو سێ کەسەی بەهمەن فەتاحی، عابد فەتحی و مالیک کەریمی ڕاگەیاندووە.

هەروەها، ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕێبەندان (٢٩ی ژانویە)، هاووڵاتییەکی خەڵکی دیواندەرە بە ناوی ئیدریس وەیسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.


هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەر کران و شوێنی ڕاگیرانی ئەو شەش هاووڵاتییە نادیارە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی سێ حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم ٩٥ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە