شەش کەس لە دەستبەسەر کراوانی سنە دوای چوار مانگ ئازاد کران

هەنگاو: شەش کەس لە دەستبەسەر کراوانی خەڵکی گوندەکانی نییەر و شیان سەر بە بەخشی سیروانی شاری سنەی دوای چوار مانگ بەندکران

٦ خەرمانان ٢٧٢١، ١٦:٠٨

 

هەنگاو: شەش کەس لە دەستبەسەر کراوانی خەڵکی گوندەکانی نییەر و شیان سەر بە بەخشی سیروانی شاری سنەی دوای چوار مانگ بەندکران بە بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٦ی خەرمانانی ٢٧٢١ (٢٨ی ئاگۆستی ٢٠٢١)، چوار هاووڵاتیی دەستبەسەر کراوی خەڵکی گوندی نییەر بە ناوەکانی کاوە مینبەری، سەریاد مینبەری، شێرکۆ مینبەری و پەیام مینبەری هاوڕێ لەگەڵ  بێهزاد محەمەدی خەلکی شیان هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

هەروەها، ڕۆژی پێنچشەممە نەجات عەزیزی هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی گوندی شیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم شەش کەسە لە ماوەی دەستبەسەر کرانیاندا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەهاچاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

ئەو سەرچاوە لە درێژەدا وتی کە ئەم شەش کەسە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە تۆمەتی لایەنگری لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەروەها پڕوپاگەندە دژی حکوومەت خراوەتە پاڵیان.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ١٣ کەس لە دەستبەسەر کراوانی سنە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە ژێر ئەشکەنجەدان.

کاوە مینبەری و شێرکۆ مینبەری ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بانەمەڕ (٢٨ی ئاوریل) لە گوندی نییەر و پەیام مینبەری و سەریاد مینبەری ڕۆژی شەممە ١١ی بانەمەڕ (١ی مەی) لە شاری سنە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکراون.

هەروەها، نەجات عەزیزی و بێهزاد مەحموودی ڕۆژی دووشەممە ١٤ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٥ی جولای ٢٠٢١)، بە بێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە