شەمزین محەمەدی بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەی دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان کە هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر و سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا.

٣٠ بەفرانبار ٢٧٢١، ١٥:١٤

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی بۆکان کە هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر و سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٩ی ژانویەی ٢٠٢٢)، شەمزین محەمەدی هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٥ مانگ بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

شەمزین محەمەدی خەڵکی گوندی “ئاڵی کەند”ی بۆکان ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٢٧ی جولای ٢٠٢١) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای بۆکان دەستبەسەر و دوای مانگێک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم چالاکە کوردە دواجار لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە سەرۆکایەتی دادوەر “پەیمان ڕوستەمی” بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردستانی سزای ٥ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

جێگای ئاماژەیە کە شەمزین محەمەدی لەو ماوەیەی کە دەستبەسەر بووە لەمافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە