شەهریار نادری دەستبەسەر کرا، لە ١٠ ڕۆژدا ٤٨ مامۆستا لە کوردستان دەستبەسەر کراون

لە درێژەی دەستبەسەرکرانی مامۆستایانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە، سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعا

٢ پووشپەڕ ٢٧٢٢، ٠٩:٣٦


هەنگاو: پێنجشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٢

لە درێژەی دەستبەسەرکرانی مامۆستایانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە، سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، شەهریار نادری مامۆستای فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی کرماشانیان دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کاتژمێر ١ی سەرلەبەیانی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی شەهریار نادری لە شاری کرماشان و دەستبەسەریان کردووە. ئەو هێزانە ماڵی شەهریاریان پشکنیوە و دەستیان بە سەر هەندێک کەرەستەی تایبەتیی ناوبراودا گرتووە.

ناوبراو خەڵکی شاری پاوە و دانیشتووی شاری سنەیە و لە قوتابخانەکانی کرماشان وانەی فیزیک (فیزیا) دەڵێتەوە.

شایانی باسە شەهریار نادری ساڵی ٢٧١٦ بە هۆی چالاکییە پیشەیی و مەدەنییەکانییەوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە شاری سنەوە بۆ کرماشان دوور خرایەوە و لەوێ وانە دەڵێتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا ٤٨ مامۆستای قوتابخانە لە شارەکانی سنە، سەقز، دیواندەرە و مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە ٢٦ کەسیان ئازاد بوون و ٢٢ کەسیان هێشتا دەستبەسەرن.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە