شەهریار ئۆسکوویی خۆی ڕادەستی بەندیخانە کرد

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە کە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەر

٦ بەفرانبار ٢٧١٩، ١١:٥٦

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی سنە کە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپا، خۆی ڕادەستی بەندیخانە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢ی بەفرانباری ٢٧١٩ (٢٣ی دێسامبری ٢٠١٩)، شەهریار ئۆسکوویی چالاکی سیاسی خەڵکی سنە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمی ٣٠ مانگ بەندکرانەکەی، خۆی ڕادەستی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە کرد.

شەهریار ئۆسکویی چالاکی سیاسی خەڵکی سنە ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنەوە حوکمی ٣٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.

ناوبراو پێشتر و لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی هاوکاری ”حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران“ حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. دوای ئەوەی ناوبراو تانەی لەو بڕیارە دابوو، پەروەندەی ناوبراو ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کرابوو.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری سنە ڕایگەیاند کە شەهریار ئێستا لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە ڕاگیراوە و حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە