شەڕ لە کوردستان، ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لە سەر شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ساڵی ٢٠١٨ی کوردستان + خشتەی شەڕەکان

هەنگاو: لەماوەی ساڵی ڕابردووی زایینی و بە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان حیزب و لایەنە کوردستانییەکان و هێزە چەکدارەکانی ئێران نزیکەی ١٥٠ کەس گی.

١٢ بەفرانبار ٢٧١٨، ٢٠:٥١

 

هەنگاو: لەماوەی ساڵی ڕابردووی زایینی و بە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان حیزب و لایەنە کوردستانییەکان و هێزە چەکدارەکانی ئێران نزیکەی ١٥٠ کەس گیانیان لە دەست داوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا، لانیکەم ٤٨ تێکهەڵچوون لە کوردستان ڕوویان داوە کە بەشێکیان تۆپباران، مووشەکباران و تێکهەڵچوونی نێوخۆیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونانەدا ٩٧ ئەندامی سپای پاسداران، هێزی ئینتزامی و ئەندامی بەسیجی ئێران کوژراون و لە بەرانبەردا ٤٦ پێشمەرگە و گریلا گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها دو پێشمەرگەی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بە دیل گیراون.

زیاترین تێکهەڵچوون لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە کە لە کۆی ئەو ٤٨ تێکهەڵچوونە ٢٠ حاڵەتی لە پارێزگای سنە ڕووی داوە. لە پارێزگای ئورمیە ١٨ حاڵەت و لەپارێزگای کرماشانی ٥ حاڵەتی تێکهەڵچوون ڕووی داوە و ٥ حاڵەتیش لە دەرەوەی سنوورەکان (ناوچە سنووریەکانی باشووری کوردستان و شاری کۆیە) بووە.

 

جیاکردنەوەی تێکهەڵچوونەکان 

لە کۆی ئەو تێکهەڵچوونانە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و گرووپەکانی نزیک لەو حیزبە (پێشمەرگەی شار و هەڵۆکانی زاگرۆس) بەرپرسیارێتی ١٨ تێکهەڵچوونیان بە ئەستۆ گرتووە. هەروەها ٩ تێکهەڵچونیش لە نێوان گریلاکانی پژاک و پەکەک لەگەڵ هێزەکانی ئێران هاتووەتە ئاراوە.

هەروەها حیزبی دێمکوراتی کوردستان (حدک) بەرپرسیارێتی ٣ تێکهەڵچوون، حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان بەرپرسیارێتی ٢ تێکهەڵچوون و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بەرپرسیارێتی یەک تێکهەڵچوونیان بە ئەستۆ گرتووە.

لەساڵی ٢٠١٨ دا هێزەکانی ئێران ٣ جار بە هەلە لەگەل یەکتری دەرگیر بوون و لە سنووری سەردەشتیش گرووپێکی قاچاخچی تێکهەڵچوونێکیان لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان هەبووە و داعشیش لە سەلاسی باوەجانی تێکهەڵچوونێکی هەبووە.

هیچ حیزب و لایەنێک بەرپرسیارێتی ١٠ تێکهەڵچوونی دیکەی بە ئەستۆ نەگرتووە.

 

قوربانیانی لایەنە سیاسیەکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ئەنجامی ئەو ٤٨ تێکهەڵچوونەدا ١٥ پێشمەرگەی حدکا، ١٥ گریلای پژاک و پ ک ک، ١٤ پێشمەرگەی حدک، ٢ پێشمەرگەی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران گیانیان لە دەست داوە و ٢ پێشمەرگەی پاک بە دیل گیراون.

لەو نێوانەدا، پژاک ناسنامەی ٥ گریلای گیانبەختگرتووی خۆی بڵاو نەکردووەتەوە و تەنیا بە فەرمی ناوی ١٠ کەسیانی بڵاو کردووەتەوە. باقی حیزبەکان هەموو ئەو ئامارانەی کە هەنگاو بڵاوی کردووەتەوە، وەک خۆی بڵاویان کردووەتەوە.

 

تیرۆری سێ چالاکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا، سێ ئەندامی حدکا، حدک و پژاک لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

هەروەها دوو پێشمەرگەی حدکا و یەک پێشمەرگەی کۆمەڵە کە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە بە دیل گیرابوون، لە کەرەج و ئورمیە لەسێدارە دراون.

 

ئاماری گیان بەختکردنی ئەندامانی لایەنە سیاسییەکان کە بە فەرمی ڕاگەیەندراوە؛

١ـ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە فەرمی گیان لە دەست دانی ١٨ ئەندامی خۆی ڕاگەیاندووە.

٢ـ حیزبی دێموکراتی کوردستان بە فەرمی گیان لە دەست دانی ١٥ ئەندامی خۆی ڕاگەیاندووە.

٣ـ پژاک و پ ک ک بە فەرمیمی  گیان لە دەست دانی ١١ ئەندامی خۆیان ڕاگەیاندووە.

٤ـ حیزبی کۆمەڵەی شۆڕگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان، بە فەرمی گیان لە دەستدانی ٣ ئەندامی خۆی ڕاگەیاندووە.

٥ـ پارتی ئازادی کوردستان بەدیل گیرانی دوو پێشمەرگەی خۆی بە فەرمی ڕاگەیاندووە.

 

لە ساڵی ڕابردوودا ٣٢ لاوی ڕۆژهەڵاتی لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لە دەست داوە

بە پشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ دا، ٣٢ گریلای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و حیزبەکانی نزیک لەو حیزبە، لە باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لە دەست داوە.

پارتی کرێکارانی کوردستان گیان لە دەست دانی ئەو ٣٢ گریلایە بە فەرمی لە میدیاکانی خۆی بڵاو کردووەتەوە.

 

ناسنامەی تەواوی گیانبەختکردوانی هەموو حیزبەکان لە ناوەندی ئاماری هەنگاو تۆمارکراوە.

 

بۆ داگرتنی فایلی PDF و خشتەی تەواوی شەڕەکان، لە سەر لینکی خوارەوە کلیک بکەن؛

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە