عەزیمە ناسری لە مافی دەستپێڕاگەیشتن به دەرمانەکانی بێبەش کراوە

هەنگاو: چالاکێکی ژنی خەڵکی بۆکان کە دوو حەوتوو پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراوە، لە مافی دەستپێڕاگەیەشتن بە دەرمانە

٢١ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٣:٣١

 

هەنگاو: چالاکێکی ژنی خەڵکی بۆکان کە دوو حەوتوو پێش لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کراوە، لە مافی دەستپێڕاگەیەشتن بە دەرمانەکانی بێبەش کراوە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەزیمە ناسری چالاکی مەدەنی خەڵکی بۆکان کە دوو حەوتوو پێش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گوازراوەتەوە، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەش کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار و نزیک لە بنەماڵەی ناسری، ناوبراو بە هۆی ئەو زەخت و گوشارانەی کە لەکاتی دەستبەسەر کردنی لە زستانی ڕابردوو خرابووە سەری، تووشی نەخۆشی ئەعساب بووە و لەکاتێکدا دەرمانی بەکارهێناوە و لەژێر چاوەدێریی چڕی پزیشکی پسپۆر بووە، سەرلەنوێ دەستبەسەر کراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە دەمارە عەسەبییەکانی هەر دوو دەستی عەزیمە ناسری تووشی گرفت بوون و پزیشکی پسپۆر پێی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر دوای تەواو کردنی دوو خولی دەرمانەکانی باش نەبێتەوە، دەبێ نەشتەرگەری بۆ بکرێت.

بەم حاڵەشەوە عەزیمە ناسری لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا سەرباری ئەوەی کە بەرپرسانی پەیوەندیداری ئاگادار کردووەتەوە، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی بێبەش کراوە و تەنیا حەبی ئازار شکێنی پێدراوە و ئەمەش تەندروستی ناوبراوی بەرەو ڕووی مەترسی جیدی کردووەتەوە.

هەروەها جاری پێشوو کە عەزیمە ناسری دەستبەسەر کرابوو، چاوەکانی چڵکیان کردووە و لە ئەو دەرمانانەش کە پزیشکی پسپۆری چاو بۆی نوسیبوو، بێبەش کراوە.

جێگای ئاماژەیە کە عەزمیە ناسری ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢١ (٢٧ی جولای ٢٠٢١)، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە بۆکان دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گوازراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە